کوردستان

06:55 - 09/03/2019

ناكۆكییه‌كانی نێوان بنه‌ماڵه‌ی تاڵه‌بانی و كۆسره‌ت ره‌سوڵ له‌سه‌ر كۆبوونه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی‌

پەیسەر

به‌هۆی ناكۆكییه‌كانی باڵی كۆسره‌ت ره‌سوڵ له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ی تاڵه‌بانی له‌سه‌ر كاندیدی پۆسته‌كانی كابینه‌ی نوێی و سه‌رۆكی په‌رله‌مان، نه‌توانراوه‌ تا ئێستا كۆبوونه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی له‌ كاتی دیاریكراوی خۆیدا بكرێت.

بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە هۆكاری كۆنەبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی بۆ نیگەرانی باڵی كۆسرەت رەسوڵ دەگەڕێتەوە، بەو پێیەی پێی وایە ماڵی تاڵەبانی قەناعەتیان بە زۆرینەی ئەندامانی سەركردایەتی یەكێتی كردووە بۆ سەرۆكی پەرلەمان دەنگ بە بێگەرد تاڵەبانی و بۆ جێگری سەرۆكی حكومەتیش دەنگ بە قوباد تاڵەبانی بدەن.

بەپێی زانیاریەكانی سەرچاوەكە، كۆسرەت رەسوڵ پێی وایە ماڵی تاڵەبانی لەژێرەوە پەیوەندیان بەزۆرینەی ئەندامانی سەركردایەتی یەكێتیەوە كردووە قەناعەتیان پێ بكەن كە لەبەرژەوەندی ئەوان دەنگ بدەن.

بڕیاربوو لەچەند رۆژی رابردوودا چەندین كاتی جیاواز بۆ كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی لەسەرزاری ئەندامانی سەركردایەتی و وتەبێژی ئەو حزبە دیاریكرا كە دواهەمینیان رۆژی هەینی 8/3/2019 بوو دواتریش كۆبونەوەكە بۆ كاتێكی نادیار دواخرا، پێشتریش مستەفا چاو رەش ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی رایگەیاندبوو لەكۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی و بەدەنگدان كاندیدی سەرۆكی پەرلەمان و جێگری سەرۆكی حكومەت یەكلایی دەكەنەوە.

چەند جارێكیش هەوڵ درا بۆ كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی، بەڵام تائێستا هیچ ئەنجامێكی نەبووە، و هەوڵەكانیش بۆ كۆبونەوەی سەركردایەتی یەكێتی لەلایەن ژمارەیەك سەركردەی ئەو حزبەوە بەردەوامە.

پێشتر بڕیاردرابوو رۆژی سێشەممە پەرلەمانی كوردستان بۆ دەستلەكاركێشانەوەی ڤالا فەرید و متمانەدان كاندیدی یەكێتی بۆ سەرۆكی پەرلەمان كۆببێتەوە بەڵام بەهۆی ئەوەی تا ئێستا یەكێتی لەسەر كاندیدێك بۆ سەرۆكی پەرلەمان رێككنەكەوتووە نازاندرێت كەی كۆبونەوەی پەرلەمان بەرێوەدەچێت. 

رۆژی 4ی ئەم مانگە نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی و كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری یەكێتی رێككەوتنێكیان بۆ بەشداری یەكێتی لەكابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم واژۆكرد.