کوردستان

12:19 - 09/03/2019

هۆكاری دواخستنی كۆبوونەوەی سەركردایەتی یەكێتی‌

پەیسەر

زیادبوونی ململانێكانی یەكلاكردنەوەی پۆستەكان كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی دواخستووەو دیاریش نییە كۆبوونەوەكە كەی ئەنجامدەدرێت.

بڕیاربوو، رۆژی پێنجشەممە، یان هەینی، یان شەممە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی ئەنجامبدرێت، ئەوەش بۆ یەكلاكردنەوەی كاندیدی پۆستەكان، كە لەكابینەی نۆ و سەرۆكایەتی پەرلەمان بەر ئەو حیزبە دەكەوێت، بەڵام لەو سێ‌ رۆژەدا نەتوانرا كۆبوونەوە ئەنجامبدرێت.

بەپێی سەرچاوەیەكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بۆ پەیسەرپرێس، بەهۆی ململانێ‌‌و یەكلانەبووەنەوەو رێكنەكەوتنی باڵە جیاوازەكانی یەكێتی‌و نەگەیشتن بەرێككەوتن بۆ دابەشكردنی پۆستەكان وادەی كۆبوونەوەكە لەو سێ‌ رۆژە دواخراوە.

هەر بەپێی سەرچاوەكە، لەئێستادا ململانێكان لەسەر پۆستەكان زیاتر بوون‌و هەر بەو هۆیەشەوە نەتوانراوە وادەیەكی تر بۆ كۆبوونەوە دیاریبكرێت‌و دیاریش نییە، كەی كۆبوونەوەی سەركردایەتی یەكێتی ئەنجامدەدرێت.

یەكێتی لەپەرلەمان پۆستی سەرۆكی بۆ دیاریكراوەو لەئەنجوومەنی وەزیرانیش پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت‌و چەند وەزارەت‌و دەستەو بەرێوەبەرێكی گشتی بۆ دیاریكراوە، ئەوەش بەپێی رێككەوتن لەگەڵ پارتی دیموكرات.

سەرچاوەكە ئەوەشی ئاشكراكرد، قورسە لەئێستادا یەكێتی بتوانێت كاندیدەكانی یەكلابكاتەوە، چونكە سەرەڕای ململانێكان، كێشە بۆ چەند ناوێك دروست بووە، بەوەی كاندیدن بۆ پۆستەكانی سەرۆكی پەرلەمان‌و جێگری سەرۆكی حكومەت.

هەروەها سەرچاوەكە ئاشكرایكرد، كە دەبێت ئەو كەسانەی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان‌و جێگری سەرۆكی حكومەت وەردەگرن، ئەندامی مەكتەبی سیاسی، یان سەركردایەتی بن، بەشێك لەو ناوانەی پێشنیازكراون بۆ ئەو پۆستانە ئەو بەرپرسیارییەیان نییە، كە ئەوەش كۆنگرە یەكلایدەكاتەوەو دیاریش نییە، كەی كۆنگرەی یەكێتی دەبەسرێت.

ناوی قوباد تاڵەبانی بۆ جێگری سەرۆكی حكومەت هێنراوە، كە هیچ بەرپرسیارییەكی لەسەركردایەتی‌و مەكتەبی سیاسی نییەو ناوی هەریەكە لەرێواس فایەق‌و بێگەرد تاڵەبانیش بۆ سەرۆكی پەرلەمان هاتووە، كە ئەوان ئەندامی سەركردایەتین.