کوردستان

01:33 - 08/03/2019

​كەركوكییەكانی ناو یەكێتی كێشە بۆ كاندیدە نوێیەكەی حیزبەكەیان دروست دەكەن‌

پەیسەر

وەزارەتی دادی عێراق بووە بەگرێكوێرە بۆ یەكێتی نیشتمانی و ناكرێتەوە، كە چەند مانگێكە ئەو حیزبە چاوی لەوەرگرتنییەتی‌و بۆی یەكلانابێتەوە.

دواین هەوڵی یەكێتی نیشتمانی بۆ وەرگرتنی وەزارەتی دادی عێراق گۆڕینی ناوی كاندیدەكەی بوو، كە بۆ ئەو مەبەستە سمكۆ ئەسعەد ئەدهەمی كاندیدكردووەو ناوەكەشی ئاراستەی سەرۆكایەتی كۆمارو لایەنە پەیوەندیدارەكان كردووە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادار دەست پەیسەرپرێس كەوتووە، لەبەرانبەر ئەو كاندیدكردنە، بەرپرسانی یەكێتی لەشاری كەركوك ناڕازین‌و سوورن لەسەر ئەوەی دەبێت ئەو پۆستە بەخالید شوانی، یان یەكێكی تر لەپارێزگای كەركوك بدرێت.

هەر بەپێی زانیارییەكان، كە پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگاداری ناو یەكێتی دەستیكەوتووە، بەرپرسانی یەكێتی لەكەركوك ناڕازایی خۆیان گەیاندووە، بەعادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران بۆ ئەوەی ناوی سمكۆ ئەسعەد ئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان نەكات.

پێشتر یەكێتی ناوی خالید شوانی پێشنیازكرد بۆ پۆستی وەزارەتی داد، بەڵام بەهۆی رێكنەكەوتنی لەگەڵ پارتی نەیتوانی ئەو پۆستە بۆ ئەو كاندیدە یەكلابكاتەوە، دواتر ناوەكەی گۆڕی بەدادوەر ئەركان قادر، كە ئەویش نەیتوانی پۆستەكە وەربگرێت.

پەیسەرپرێس ئەوەشی زانیوە، كە بەرپرسە كەركوكییەكانی یەكێتی جەختیان لەناوی دادوەر ئەركان لای عادل عەبدولمەهدی كردووەتەوەو رایانگەیاندووە، ئەوە كاندیدی خۆدی سەرۆك وەزیرانەو دەبێت پۆستەكە وەربگرێت.