03:21 - 07/03/2019
دوایین زانیاری لهبارهی كاندیدی یهكێتی بۆ سهرۆكی پهرلهمان
لەگەڵ نزیكبوونەوەی یەكلاكردنەوەی كاندیدی یەكێتی نیشتمانی بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، ململانێكان لەناوخۆی حیزبەكە رووی لەزیادبوون كردووە.
بەپێی سەرچاوەیەكی ئاگاداری ناو مەكتەبی سیاسی یەكێتی بۆ پەیسەرپرێس، ئەگەر گۆڕانكاری نەیەتە پێش، رۆژی هەینی، یان شەممە ئەنجوومەنی سەركردایەتی ئەو حیزبە كۆبوونەوە دەكاتو كۆبوونەوەكەش بۆ دیاریكردنی كاندیدی یەكێتییە بۆ سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان.
هەر بەپێی سەرچاوەكە، هێشتا میكانیزمی یەكلاكردنەوەی كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان دیارینەكراوە، بەڵام لەهەموو دۆخێكدا بەدەنگدان ئەو پرسە یەكلادەكرێتەوەو پێش ئەوەش رێككەوتنی لەسەر دەكرێت.
بەپێی رێككەوتنی پارتی دیموكراتو یەكێتی نیشتمانی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بۆ ئەوەی دووەمیان دەبێتو لەناو یەكێتیش هەریەكە لەرێواس فایەقو بێگەرد تاڵەبانی ناویاندەهێنرێت، بۆ ئەوەی ببنە كاندیدی حیزبەكەیان بۆ ئەو پۆستە، كە هەردووكیان ئەندامی سەركردایەتین.
سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس، لەبارەی دواین زانیاری لەناو سەركردایەتیو مەكتەبی سیاسی بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو دوو كەسایەتییە، بۆ كاندیدبوونی سەرۆكی پەرلەمان ئاشكرایكرد، باڵی دەسترۆیشتووی یەكێتی، كە ماڵباتی تاڵەبانی سەرۆكایەتی دەكەن، سوورن لەسەر كاندیدكردنی بێگەرد تاڵەبانی بۆ ئەو پۆستە.
هەروەها ئاشكراكرد، لەبەرانبەر ئەوەدا باڵی كۆسرەت رەسوڵ سوورە لەسەر كاندیدكردنی رێواس فایەق بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان، جگە لەوەش دەست بەجموجوڵێك كراوە، بۆ ئەوەی زۆرینەی دەنگ لەناو ئەنجوومەنی سەركردایەتی بەدەست بهێنێت.
لەبارەی چۆنییەتی جموجوڵەكان، سەرچاوەكە ئاشكرایكرد، كە بەشێك لەئەندامانی سەركردایەتیو مەكتەبی سیاسی دەستیان بەهەوڵ كردووە، بۆ ئەوەی رێواس لەسەركردایەتی هەڵبژێرێت، ئەوەش بەهۆی ناڕازییان لەكاندیدكردنی بێگەرد تاڵەبانی.