11:41 - 07/03/2019
بۆچونی جیاواز له‌سه‌ر گفتوگۆكردن له‌سه‌ر یه‌كه‌م پڕۆژه یاسا دروست بووه
له‌سه‌ر یه‌كه‌م پڕۆژه یاسای دووه‌مین دانیشتنی ئاسایی په‌رله‌مان كوردستان، بۆچوونی جیاواز له‌نێوان لایه‌نه‌كاندا دورست بووه و و پارتی ديموكراتى كوردستان، پێی باشه هه‌مواری یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم بخرێته به‌رنامه‌ی كاره‌وه، به‌ڵام دوو بۆچونی جیاوازی دیكه هه‌یه له‌سه‌ر گفتوگۆكردن له‌سه‌ر یه‌كه‌م پڕۆژه یاسا.
كۆبوونه‌وه چاوه‌ڕوانكراوه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان، بڕیاره له ناوه‌ڕاستی هه‌فته‌ی داهاتوو ئه‌نجام بدرێت، به‌ڵام هێشتا لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر یه‌كه‌م پڕۆژه یاسای دووه‌مین دانیشتنی په‌رله‌مان رێكنه‌كه‌وتوون.
به‌پێی زانیارییه‌كان، پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌یه‌وێت، په‌رله‌مان ده‌ست به هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم بكات، بۆ ئه‌وه‌ی دوای هه‌مواری یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم نێچیرڤان بارزانی وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌ست به‌كاربێت.
ئامانجی پارتی له هه‌مواری یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ئه‌وه‌یه كه سه‌رۆكی هه‌رێم دوای ده‌ستبه‌كاربوونی كاندیدی سه‌رۆكی حكومه‌ت راسپێرێت بۆ ئه‌وه‌ی كابینه‌ی نوێ پێكبهێنێت.
به‌پێی زانیارییه‌كان له‌ناو فراكسیۆنه جیاوازه‌كان دوو بۆچوونی دیكه له‌سه‌ر یه‌كه‌م پڕۆژه یاسا و هه‌ندێك له په‌رله‌مانتاران (به‌شێكیان له فراكسیۆنی گۆڕانه) پێیان باشه یه‌كه‌م پڕۆژه یاسا كه گفتوگۆی له‌باره‌وه بكرێت تێپه‌ڕاندنی پڕۆژه یاسای چاكسازییه، به‌شێكی دیكه‌ش پێیان وایه پێویسته گفتوگۆ له‌سه‌ر پاشه‌كه‌وتی موچه‌خۆران بكرێت.
له‌باره‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، زانیارییه‌كان ئاماژه به‌وه‌شده‌ده‌ن، كه له‌كاتی دانیشتنه‌كه‌ی داهاتوو گه‌ر كاندیدی یه‌كێتی ئاماده بێت، ئه‌وا سه‌رۆكی په‌رله‌مان ڤالا فه‌رید ده‌ستله‌كارده‌كێشێته‌وه و كاندیده‌كه‌ی یه‌كێتی ده‌كرێت به سه‌رۆكی په‌رله‌مان.