کوردستان

11:02 - 05/03/2019

هۆكاری بڵاونه‌كردنه‌وه‌ی ناوه‌ڕۆكی رێككه‌وتنه‌كه‌ی یه‌كێتی و پارتی‌

پەیسەر

دوێنێ دووشه‌ممه‌ یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، رێككه‌وتنامه‌ی نێوانیان واژوو كرد، به‌ڵام ناوه‌ڕۆكی رێككه‌وتنه‌كه‌ بۆ میدیاكان ئاشكرا نه‌كرا.

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ دراوه‌ به‌په‌یسه‌رپرێس، یه‌كێتی و پارتی نایانه‌وێت ناوه‌ڕۆكی رێككه‌وتنه‌كه‌یان بۆ میدیا و هاوڵاتیان ئاشكرا بكه‌ن.

له‌باره‌ی هۆكاری ئاشكرا نه‌كردنی ناوه‌ڕۆكی رێككه‌وتنه‌كه‌وه‌ ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ گوتی: پارتی و یه‌كێتی ده‌یانه‌وێت له‌ كۆی 40 خاڵی رێككه‌وتنه‌كه‌ ته‌نها 11 خاڵی بۆ رایگشتی ئاشكرا بكه‌ن، ئه‌ویش له‌ رێگه‌ی كۆمیته‌یه‌كی هاوبه‌شی یه‌كێتی و پارتییه‌وه‌ ئاشكرا ده‌كرێت.

له‌باره‌ی ئه‌و خاڵانه‌ی كه‌ پارتی و یه‌كێتی ئاماده‌نین ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی بۆ هاوڵاتیان و رایگشتی و میدیا ئاشكرای بكه‌ن، ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ ده‌ڵێ: به‌شێكی رێككه‌وتنه‌كه‌ی نێوان یه‌كێتی و پارتی له‌سه‌ر نه‌وت و دابه‌شكردنی داهاته‌ و له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش رێككه‌وتوون ئه‌و خاڵانه‌ وه‌ك هێڵی سورو ته‌ماشا بكرێت و نابێت  بۆ رایگشتی ئاشكرا بكرێت.

دوای ناكۆكییه‌كی زۆر یه‌كێتی و پارتی دوێنێ له‌ شاری هه‌ولێر رێككه‌وتنامه‌ی نێوانیان واژوو كرد، ئه‌و دوو حیزبه‌ ناكۆكییه‌كانیان له‌سه‌ر پرسی وه‌زاره‌تی داد و پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك و پۆسته‌كانی كابینه‌ی نوێ هه‌بوو.