ڕاپۆرتی کوردستانی

01:50 - 04/03/2019

نه‌خۆشانى تالاسیمیا چاوه‌ڕێن ده‌رگاى وڵاتانیان به‌روودا بكرێته‌وه‌‌

ڕەنج عوسمان

سێ هه‌زار و ٣٠٠ نه‌خۆش له‌ هه‌رێمى كوردستان گیرۆده‌ى تالاسیمیان، بێباكى و كه‌مته‌رخه‌مى حكومه‌ت، كه‌مى مووچه‌، نه‌بوونى چاره‌سه‌رى پێویست، برینى ئه‌و نه‌خۆشانه‌ى زیاتر قوڵتركردووه‌ته‌وه‌، بۆ چاره‌سه‌ر چاوه‌ڕێن ده‌رگاى ده‌ره‌وه‌یان به‌روودا بكرێته‌وه‌، بۆ چاره‌سه‌ر ببرێنه‌ وڵاتان.

هه‌ر نه‌خۆشێكى تالاسیمیا مانگانه‌ مووچه‌یه‌كى ١٢٠هه‌زارى هه‌یه‌ له‌ حكومه‌ت، بۆ ئه‌وان پاره‌یه‌كه‌ له‌جێى نه‌بووان، هه‌ندێكیان له‌ ناوچه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى شار سه‌ردانى ناوه‌ندى شار ده‌كه‌ن بۆ وه‌رگرتنى خوێن و چاره‌سه‌ر، پاره‌یه‌كى زیاتریان پێویست ده‌بێت له‌وه‌ى ده‌درێته‌ ده‌ستیان.

  به‌ڵێن ئیبراهیم،١٣ ساڵه‌ گیرۆده‌ى تالاسیمیایه‌، نه‌خۆشییه‌كه‌ تاقه‌تى به‌ڵێنى پڕوكاندووه‌، بۆ په‌یسەر كۆژانه‌كانى خۆى باسكرد، مانگانه‌ دووجار له‌ رانیه‌وه‌  دێت بۆ سلێمانى بۆ ئه‌وه‌ى خوێن وه‌ربگرێت، ئه‌و له‌ قۆناغى حه‌وتى بنه‌ڕه‌تییه‌و تواناى باشى هه‌یه‌ له‌ قوتابخانه‌، نه‌خۆشییه‌كه‌ ئیراده‌ى زۆرى بۆ خوێندن له‌ناو نه‌بردووه‌.

به‌ڵێن سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى خوێندكارێكى زیره‌كه‌، به‌ ده‌م ئازارى نه‌خۆشییه‌كه‌یه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هاوڕێكانى گروپێكى ژینگه‌ییان پێكهێناوه‌ بۆ پاكڕاگرتنى خوێندنگه‌كه‌یان، و خزمه‌تكردنى ژینگه‌كه‌ى، ئیبراهیمى باوكى به‌ڵێن، به‌ په‌یسه‌ر پرێسى گوت، مانگانه‌ زیاد له‌ دوو جار سه‌ردانى سه‌نته‌رى تالاسیمیا و نه‌خۆشیه‌ بۆ ماوه‌ییه‌كانى خوێن ده‌كات له‌ سلێمانى به‌مه‌به‌ستى وه‌رگرتنى خوێن بۆ كوڕه‌كه‌ى.

ئیبراهیم له‌ ساڵى 2011ه‌وه‌ سه‌ردانى سلێمانى ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ى خوێن بۆ به‌ڵێن وه‌ربگرێت، بۆ هه‌ر جارێك چوونى بۆ سلێمانى زیاتر له‌ 100 هه‌زارى خه‌رجی پێویسته‌، ده‌شڵێت، ئه‌و مووچه‌یه‌ى  مانگانه‌ ده‌درێت به‌ كوڕه‌كه‌ى كه‌مه‌ و به‌ ته‌نها به‌شى هاتوچۆیه‌كه‌ى ناكات.

باوكى به‌ڵێن باس له‌ بارودۆخى كوڕه‌كه‌ى ده‌كات و ده‌ڵێت، به‌هۆى نه‌خۆشیه‌كه‌یه‌وه‌ كوڕه‌كه‌ى به‌رده‌وام بێ تاقه‌ت و توڕه‌یه‌ به‌تایبه‌ت ئه‌و كاتانه‌ى خوێنى كه‌م ده‌كات و زۆر به‌ كه‌مى نان ده‌خوات.


سه‌رۆكى كۆمه‌ڵه‌ى نه‌خۆشانه‌ى تالاسیمیا، باس له‌ دۆخى خراپى نه‌خۆشه‌كان ده‌كات، ده‌ڵێت شه‌ڕى داعش و قه‌یرانى دارایى ژیانى ئه‌وانه‌ى ناهه‌موارتر كرد، ئه‌و مووچه‌یه‌شى له‌ حكومه‌ت وه‌ریده‌گرن كه‌مه‌،"نه‌خۆشه‌كان له‌ دۆخێكى خراپدان و پێویستیان به‌ هاوكارى به‌رده‌وام هه‌یه‌".

چاره‌سه‌ر بۆ نه‌خۆشانه‌ى تالاسیمیا له‌ ده‌ره‌وه‌ى وڵات ئه‌سته‌م نییه‌، ٤٠٠ نەخۆش ساڵى ٢٠١٣ ناوى خۆیان تۆماركرد به‌هیواى ئه‌وه‌ى ببرێنه‌ ده‌ره‌وه‌و چاره‌یه‌كیان بۆ بدۆزرێته‌وه‌، كۆچه‌ر كه‌ریم سه‌رۆكى كۆمه‌ڵه‌ى نه‌خۆشانه‌ى تالاسیمیا بۆ په‌یسه‌ر گوتى"له‌و ژماره‌یه‌ ٢٥٠  كه‌سیان برانه‌ ده‌ره‌وه‌".

كۆچه‌ر گوتیشى"نزیكه‌ى ٤٠نه‌خۆشى تر له‌ سه‌نته‌رى چاندنه‌وه‌ى مۆخ له‌ سلێمانى كه‌ تاكه‌ سه‌نته‌ره‌ له‌ سه‌رانسه‌رى عێراق چاره‌سه‌ركراون، به‌ڵام به‌ قسه‌ى ئه‌و پێویسته‌ هه‌ر نه‌خۆشێك بۆماوه‌ى سێ ساڵ دواى چاندنه‌وه‌ى مۆخ له‌ ژێر چاودێرى پزیشك دابێت".


گوته‌بێژى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى هه‌رێمى كوردستان بۆ په‌یسه‌ر گوتى"به‌شى زۆرى ئه‌و ده‌رمانانه‌ى بۆ ئه‌و نه‌خۆشانه‌ دابینى ده‌كه‌ن له‌ به‌غداوه‌ بۆیان دێت و هه‌ندێكیش خۆیان ده‌یكڕن، ده‌شڵێت پڕۆسه‌ى چاندنه‌وه‌ى مۆخ له‌ هه‌رێم و ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌یان بۆ ده‌ره‌وه‌ى وڵات به‌رده‌وامى هه‌یه‌".