کوردستان

12:47 - 04/03/2019

یه‌كێتى و پارتى پرۆژه‌كه‌ى بارزانى یه‌كلایى ده‌كه‌نه‌وه‌‌

پەیسەر

یه‌كێتى و پارتى له‌ كۆبوونه‌وه‌دان و پێشنیارى مه‌سعود بارزانى بۆ رێككه‌وتنى هه‌ردوو حزب تاووتوێده‌كرێت، به‌جۆرێك هه‌ردوولا بگه‌نه‌ رێككه‌وتن له‌سه‌ر دواخستنى پرسى پارێزگاى كه‌ركوك و پێدانى وه‌زاره‌تى دادى عێراق به‌ یه‌كێتى.

به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى ده‌ست په‌یسه‌ر پرێس كه‌وتووه‌، كۆبوونه‌وه‌كه‌ى ئه‌مڕۆ و یه‌كێتى و پارتى، سه‌باره‌ت به‌ پرۆژه‌ نوێیه‌كه‌ى مه‌سعود بارزانییه‌، كه‌ به‌پێى پرۆژه‌كه‌ وه‌زاره‌تى داد ده‌درێته‌ به‌ یه‌كێتى به‌ڵام دانانى پارێزگارى كه‌ركوك ده‌كه‌وێته‌ دواى ئاساییكردنه‌وه‌ى دۆخى پارێزگاكه‌.

هه‌روه‌ها پارتى داوایكردووه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركوك یه‌كێتى و پارتى به‌یه‌ك لیست به‌شداربن، به‌ڵام یه‌كێتى ده‌ڵێت، با هه‌موو لیسته‌ كوردستانییه‌كان له‌و لیسته‌دا بن و له‌ موسڵ و ناوچه‌كانى دیكه‌ى كێشه‌ له‌سه‌ریش ئه‌و یه‌ك لیستییه‌ هه‌بێت.

دوێنێ شاندێكى یه‌كێتى به‌سه‌رپه‌رشتى كۆسره‌ت ره‌سوڵ له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانى كۆبوونه‌وه‌، بارزانى پێشنیارى نوێى دا به‌ شانده‌كه‌ى یه‌كێتى بۆ رێككه‌وتن و دواتر مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى ئه‌و پێشنیاره‌ى په‌سه‌ند كرد و ئاماده‌یى خۆى راگه‌یاند بۆ كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ پارتى.