کوردستان

11:09 - 03/03/2019

ناوەڕۆكی پڕۆژەكەی بارزانی بۆ كۆسرەت رەسوڵ و یەكێتی‌

پەیسەر

بڕیار وایە ئەمڕۆ لە پیرمام مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری یەكێتی نیشتیمانی و وەفدێكی باڵای ئەو حیزبە كۆببێتەوە، بەپێی زانیارییەكان بارزانی پڕۆژەیەكی نوێ دەخاتە بەردەست یەكێتی.

بەپێی ئەو زانیاریانەی لە مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە دراوە بە پەیسەرپرێس، بۆ چارەسەركردنی پرسی پۆستەكانی وەزارەتی دادی بەغدا و پۆستی پارێزگاری كەركوك پارتی و بارزانی پڕۆژەیەكی نوێیان ئامادە كردووە.

بە پێی پڕۆژەكە بارزانی دەیەوێت لەگەڵ یەكێتی لەسەر ئەو دوو پۆستە رێبكەوێت و بەشێوەیەك كە پۆستی وەزارەتی داد و سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بۆ یەكێتی بێت، لەبەرامبەردا یەكێتی بەوە رازی بێت كە كاندیدێكی بێ‌ لایەن بۆ پارێزگاری كەركوك دەستنیشان بكرێت.

كێشەی سەرەكی نێوان یەكێتی و پارتی لە ئێستاد پۆستی پارێزگاری كەركوك و وەزارەتی دادە و هەر ئەو كێشانەش بووەتە هۆی ئەوەی تا ئێستا لەسەر پۆستەكانی كابینەی نوێ ئەو دوو لایەنە نەگەنە رێكەوتن.

یەكێتی لە ماوەی رابردوودا و  لە هەموو دانیشتنەكانی لەگەڵ پارتی مەرجی ئەوە بووە كە پێویستە وەك یەك پاكێج گفتوگۆ لەسەر پۆستەكانی بەغدا و كەركوك و كابینەی نوێی هەرێم بكرێت، بەڵام پارتی پێی باشە ئەو پاكێجانە جیا بكرێنەوە و هەڵبگیرێن بۆ دوای پێكهینانی كابینەی نوێ.

زانیارییەكان ئاماژە بۆ ئەوەشدەكەن كە بارزانی داوای ئەوەشی لە كۆسرەت رەسوڵ و وەفدی هاوڕێی كردووە، پێش كۆبوونەوەكەیان دەسەڵاتی بڕیاردان وەربگرن لە مەكتەبی سیاسی و بەناوی یەكێتییەوە بێنە سەرمێزی گفتوگۆ تا بتوانن لەسەر پڕۆژەكەیان رێكەوتن بكەن.