09:48 - 03/03/2019
زانیارییهكان لهسهر كۆبوونهوهكهی مەسعود بارزانیو كۆسرەت رەسوڵ
مەسعود بارزانیو كۆسرەت رەسوڵ هەوڵی كردنەوەی گرێكوێرەی نێوان پارتی دیموكراتو یەكێتی نیشتمانی دەدەن، بۆ ئەوەی بگەن بەرێككەوتن.
مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی ئەمڕۆ یەكشەممە لەگەڵ كۆسرەت رەسوڵ جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی لەپیرمام كۆدەبێتەوە، كە كۆبوونەوەكە دوای گۆڕینەوەی دوو نامەیە لەنێوان هەردوولا لەمانگی رابردوو.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگاداری مەكتەبی سیاسی یەكێتی دراوە بەپەیسەرپرێس، كۆبوونەوەكە لەسەر داوای مەسعود بارزانی بووە بۆ كۆسرەت رەسوڵ، كە داوای لێكردووە سەردانی بكات لەپیرمام.
هەر بەپێی زانیارییەكان، مەسعود بارزانی دەیەوێت بەو كۆبوونەوەیەی لەگەڵ كۆسرەت رەسوڵ، گرژییەكانی نێوان پارتیو یەكێتی بڕەوێنێتەوەو ئەوەش هەنگاوێك بێت بۆ رێككەوتنی هەردوولا لەسەر پێكهێنانی حكومەت.
مانگی رابردوو مەسعود بارزانی نامەیەكی ئاراستەی كۆسرەت رەسوڵ كردو تێدا داوای كرد، كە مەكتەبی سیاسی هەردوولا هەوڵ بدەن بۆ گەیشتنە رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەت، كە وەڵامی جێگری سكرتێری یەكێتی بۆ نامەكەی سەرۆكی پارتی ئەرێنی بوو، ئامادەیی راگەیاند بۆ رێككەوتنی هەردوولا.
سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس ئاشكراشیكرد، بەهۆی كۆبوونەوەكەی مەسعود بارزانیو كۆسرەت رەسوڵ، كۆبوونەوەی ئەمڕۆی مەكتەبی سیاسی پارتیو یەكێتی دواخراوە، كە رەنگە سبەی، یان لەكۆتایی ئەم هەفتە ئەنجامبدرێتو كۆبوونەوەكەی نێوان بارزانیو كۆسرەت رەسوڵیش كاریگەری زۆری لەسەر ئەنجامی ئەو كۆبوونەوەیە دەبێت.
پارتیو یەكێتی بەهۆی ناكۆكیان لەسەر چەند پرسێك، بەتایبەتی دانانی پارێزگارێك بۆ كەركوكو كاندێك بۆ پۆستی وەزارەتی دادی عێراق كێشەیان بۆ دروست بووەو بەو هۆیەشەوە نەگەیشتوونەتە رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم.
هەروەها سەرچاوەكە باسی لەوە كرد، بەهۆی خواستی مەسعود بارزانیو كۆسرەت رەسوڵ، بۆ گەیشتنە رێككەوتن، رەنگە كۆبوونەوەی داهاتووی پارتیو یەكێتی یەكلاكەرەوە بێتو بگەن بەئەنجامی كۆتایی پێكهێنانی حكومەت.