05:49 - 02/03/2019
لەسەر چاودێریكردنی نەوت بەغدا پێشنیارێكی هەرێم رەتدەكاتەوە
حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ چاودێریكردنی داهات و بڕی هەناردەكردنی نەوت داوا لەحكومەتی بەغداد دەكات پشت بە راپۆرتەكانی كۆمپانیای دیلۆیت ببەستێت، بەڵام بەغدا رەتیدەكاتەوە.
بەپێی زانیاریەكان حكومەتی هەرێم پێشنیاری كردووە بۆ چاودێریكردنی هەناردەی نەوت بەغداد پشت بە راپۆرتەكانی كۆمپانیای دیلۆیت ببەستێت و وەك بەڵگەنامەی فەرمی هەرێم و بەغداد سەیر بكرێت، بەڵام حكومەتی بەغداد ئەو پێشنیارەی رەتكردۆتەوە.
زانیارییەكان ئاماژە بەوەدەكەن كە حكومەتی بەغدا لەگەڵ رەتكردنەوەی پێشنیارەكەی هەرێم رایگەیاندووە، كۆمپانیای دیلۆیت لەچەند كەیسێكی گەندەڵی تێوەگلاوە و بەپێی خواستی ئەو لایەنانە كار دەكات كە گرێبەستیان لەگەڵ كردووە بۆیە پشت بەراپۆرتەكانی نابەستن.
هەروەها داوایكردووە كەپێویستە دیوانی چاودێری دارایی و دەستەی دەستپاكی و ئەنجومەنی نوێنەران و كۆمپانیای سۆمۆ بەدواداچوون بۆ هەناردەی نەوتی هەرێم بكەن.
كومەتی بەغداد چەندین بەڵگەی لەسەر بوونی هەڵە و كەم و كوڕی لەئاماری كۆمپانیای دیلۆیت رادەستی بەرپرسانی هەرێم كردووە و دەشیەوێت لێكۆڵینەوە لە ئامارەكان و بڕی داهاتی وەدەستهاتووی نەوتی هەرێم بكات.
رۆژی 5/10/2016 حكومەتی هەرێم گرێبەستێكی لەگەڵ كۆمپانیای دیلۆیت واژۆكرد بۆ وردبینی لەهەناردە و داهاتی نەوتی هەرێم و كۆمپانیاكەش چەندین راپۆرتی دەربارەی نەوتی هەرێم بڵاوكردۆتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی لەكۆتای راپۆرتەكەدا كۆمپانیاكە دەڵێت لەبەرامبەر لایەنی سێیەم بەرپرسیارنیە بۆیە گومانەكان لەسەر نەوتی هەرێم نەڕەویونەتەوە.