کوردستان

03:43 - 02/03/2019

یه‌كێتی به‌نیازه‌ داوای پۆستێكی دیكه‌ له‌ پارتی بكات‌

پەیسەر

بڕیار وایه‌ سبەینێ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان كۆببنه‌وه‌، به‌پێی زانیارییه‌كانیش جگه‌ له‌ پۆسته‌كانی له‌ كابینه‌ی نوێ یه‌كێتی به‌نیازه‌ داوای پۆستی سەرۆكی دەستەی داهاتە نەوتییەكان بكات.

 
بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە، یەكێتی لەكۆبونەوەكەی رۆژی یەكشەممەی شاری هەولێر جارێكی تر داوای سەرۆكی دەستەی بەرێوەبردنی سندوقی كوردستان بۆ داهاتە نەوتی گازییەكان دەكات، ئەوەش لەكاتێكدایە بەپێی رێككەوتنی گۆران و پارتی ئەو پۆستە بۆ بزوتنەوەی گۆڕان یەكلایی كراوەتەوە.

بەپێی مادەی چوارەم برگەی دووەمی یاسای ژمارە 2ی ساڵی 2015 ی سندوقی كوردستان بۆ داهاتە نەوتی و گازییەكان سەرۆكی دەستەی بەرێوەبردنی سندوقی كوردستان بۆ داهاتە نەوتی و گازییەكان پلەكەی وەزیرە.

ساڵی 2015 پەرلەمانی كوردستان ژمارەیەك یاسای بۆ هەڵگرتن و بازرگانیكردن و شەفافیەتی داهاتی نەوت دەركرد، بەڵام حكومەتی هەرێم جێبەجێی نەكردن و بریاریشە لە چوار ساڵی داهاتوودا و لەچوارچێوەی پرۆژەی چاكسازی كابینەی نۆیەم سەرجەم ئەو دامەزراوانە دروست بكرێن و كارابكرێن.