کوردستان

02:41 - 02/03/2019

لە پڕۆژەكەی پارتیدا دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم دەستكاریان دەكرێت‌

پەیسەر

بڕیارە لە دانیشتنەكانی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان، یاسای سەرۆكایەتی هەرێم هەمووار بكرێتەوە و بۆ هەموارەكەشی پارتی دیموكراتی كوردستان پڕۆژەیەكی ئامادەیە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست پەیسەرپرێس كەوتووە، لە پڕۆژەكەی پارتی دیموكراتی كوردستاندا كە بۆ یاسای سەرۆكایەتی هەرێم ئامادەی كردووە، سەرۆكی هەرێم لە ناو پەرلەماندا هەڵدەبژێردرێت.
هەروەها لە پڕۆژەكەی پارتی دیموكرات بۆ هەمواری یاساكە، هاوسەنگی دەسەڵاتیش لەنێوان سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەت رەچاوكراوە.

لەوبارەوە سەرچاوەیەك لە پارتی دیموكراتی كورستان ئەوەی بۆ پەیسەر ئاشكرا كرد،  دەڵێت پارتی دەیەوێت بەشێك لەدەسەڵاتەكانی چوارساڵی داهاتوو لای نێچیرڤان بارزانی و بەشەكەی تریش لای مەسرور بارزانی بێت بەڵام ئەمە بەپێی هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم دەبێت نەك بۆ هەتاهەتایە.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی: دەمانەوێت لەقۆناغی داهاتوودا و لەپرسی دەستور سیستمی حوكمرانی و هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی یەكلایی بكرێتەوە.

بەپێی یاسای ژمارە 2ی ساڵی 2017 كە لە 29/10/2017 لەپەرلەمانی كوردستان دەرچوو دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم بەسەر  دامەزراوە دەستوریەكانی هەرێم دابەش كران.