04:50 - 28/02/2019
پارتی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی رێكنه‌كه‌وێت هه‌نگاوه‌كانی له په‌رله‌مانه‌وه ده‌ست پێده‌كات
بۆ گه‌یشتن به رێكه‌وتن له‌گه‌ڵ یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان، پارتی دیموكراتی كوردستان چاوه‌ڕێتی دانیشتنه چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌یان ده‌كات، له‌ئه‌گه‌ر رێكنه‌كه‌وتنی نێوانیان ئه‌وا یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم به بێ یه‌كێتی هه‌موار ده‌كرێته‌وه.
به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی له مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه به په‌یسه‌رپرێس دراوه، پارتی چاوه‌ڕوانی كۆبوونه‌وه چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌یانه له‌گه‌ڵ یه‌كێتی.
له‌دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ی رۆژی 18ی ئه‌م مانگه، كێشه‌كانی نێوان یه‌كێتی و پارتی قوڵتر بونه‌وه، به‌ڵام به‌هۆی نێوه‌ندگیری چه‌ند لایه‌نێك و ئاڵوگۆڕی نامه‌ی نێوان مه‌سعود بارزانی و كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی ئه‌و گرژیانه خاو بونه‌وه، بڕیار وایه كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له هه‌فته‌ی داهاتوو ئه‌نجام بده‌ن.
پارتی دیموكراتی كوردستان له ئه‌گه‌ری رێكنه‌كه‌وتنی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی له‌سه‌ر پۆسته‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم، به نیازه له دانیشتنی هه‌فته‌ی داهاتووی په‌رله‌ماندا، یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم هه‌مووار بكاته‌وه، تیایدا سه‌رۆكی هه‌رێم و جێگره‌كه‌ی له رێگه‌ی په‌رله‌مانه‌وه هه‌ڵبژێردرێت.
له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری كاردانه‌وه‌ی یه‌كێتی له هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم گه‌ر به بێ ئه‌و حیزبه بكرێت، ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی به په‌یسه‌ری راگه‌یاند: ئه‌مریكا و به‌ریتانیا پشتیوانی هه‌رچی زوتری پێكهێنانی حكومه‌تن به به‌شداری هه‌موو لایه‌نه‌كان.
گوتیشی: له ئه‌گه‌ری رێكنه‌كه‌وتنمان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی و هه‌ر كاردانه‌وه‌یه‌كی ئه‌و حیزبه له‌باره‌ی دوو ئیداره‌ییه‌وه، ئێمه گره‌نتیمان له‌و دوو وڵاته وه‌رگرتووه كه به هیچ شێوه‌یه‌ك رێگه به هه‌نگاوی له‌و شێوه له هه‌رێم ناده‌ن.