کوردستان

02:01 - 28/02/2019

پارتی پەیامێك بەهۆشیار زێباریدا دەگەیەنێتە بەرهەم ساڵح‌

پەیسەر

پارتی دیموكراتی كوردستان پەیامی ئاشتی بەهۆشیار زێباری گەیاندووەتە بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق، بۆ ئەوەی كێشەكانی نێوانیان چارەسەر بكەن.

هۆشیار زێباری رۆژی چوارشەممە بەنوێنەری پارتی دیموكراتی كوردستان بەشداری كۆبوونەوەی ڕاوێژكاری نیشتمانی عێراقی كرد، كە بەدەستپێشخەری و سەرۆكایەتی بەرهەم ساڵح رێكخرابوو، كە لەبارەی دۆسییەی تیرۆرو پرسەكانی دیكەی عێراقەوە گفتوگۆكراوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادار دراوە بەپەیسەرپرێس، پێش دەستپێكردنی لوتكەكە، هۆشیار زێباری ، كە ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتییە، لەگەڵ بەرهەم ساڵح كۆبوونەوەیەكی كردووەو گفتوگۆیان لەباری كێشەكان كردووە.

هەر بەپێی زانیارییەكان لەكۆبوونەوەكە هۆشیار زێباری ئەو پەیامەی پارتی گەیاندووە، بەوەی دەیانەوێت كێشەكانی نێوانیان چارەسەر بكەن، لەبەرانبەردا بەرهەم ساڵیش ئامادەیی نیشانداوە بۆ چارەسەری كێشەكان.


كێشەكانی بەرهەم ساڵح‌و پارتی لەدوای ئەوە دروست بوو، كە سەركردایەتی یەكێتی بەبێ‌ راوێژ ناوبراوی كاندیدكرد بۆ سەرۆك كۆمارو لەكێبڕكێی پەرلەمان لەكاندیدی پارتی بردەوە، كە فوئاد حوسێن بوو.

پەیسەرپرێس ئەوەشی زانیوە، بڕیارە بەم نزیكانە شاندی پارتی لەگەڵ بەرهەم ساڵح كۆببنەوەو چارەسەری كێشەكانی نێوانیان بكەن، كە وادەی ئەو كۆبوونەوەیە لەكۆبوونەوەكەی سەرۆك كۆمارو هۆشیار زێباری دیارینەكراوە.