کوردستان

11:57 - 28/02/2019

پارتی نیگه‌رانه‌ له‌ هه‌وڵه‌ نوێكانی یه‌كێتی بۆ وه‌رگرتنی پۆستی وه‌زاره‌تی داد‌

پەیسەر

پارتی دیموكرات هەڵوێستی لەبارەی پۆستی وەزارەتی عێراق نەگۆڕاوەو سوورە لەسەر ئەوەی دەبێت بەرێككەوتنی لایەنە سیاسییە كوردییەكان یەكلابكرێتەوەو لەهەوڵەكانی یەكێتی نیشتمانیش بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو پۆستە نیگەرانە.

ئەو هەڵوێستەی پارتی لەكاتێكدایە، كە چەند رۆژێكە شاندێكی یەكێتی نیشتمانی بەمەبەستی یەكلاكردنەوەی پۆستی وەزارەتی دادی عێراق لەشاری بەغدان‌و دەیانەوێت پێش دەستپێكردنەوەی كۆبوونەوەكانی پەرلەمانی عێراق ئەو پۆستە بۆ خۆیان یەكلابكەنەوە.

ڤیان سەبری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكرات لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ پەیسەرپرێس وتی: پۆستی وەزارەتی داد پشكی كوردە لەكابینەكەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران، بۆیە دەبێت ئەو پۆستەش بەرێككەوتنی لایەنە كوردییەكان یەكلابكرێتەوە، نەك هەوڵی لابەلا.

ڤیان سەبری گوتیشی: ئێمە هەمیشە جەختمان كردووەتەوە، دەبێت ئەو پۆستە بەگفتوگۆو رێككەوتن یەكلابكرێتەوە، بۆیە ئێستاش داوای گفتوگۆ لەیەكێتی نیشتمانی‌و لایەنەكانی تریش دەكەین.

كۆبوونەوەكانی پەرلەمانی عێراق لە 5ی ئاداری داهاتوو دەسپێدەكات‌و رۆژی نۆی مانگی داهاتووش پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەر كاندیدی ئەو وەزارەتانەی پڕنەكراونەتەوە، كۆبوونەوە ئەنجامبدات.

بەپێی زانیارییەكان پەیسەرپرێس، شاندی یەكێتی لەكۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان هەوڵیداوە بڕوایان پێبهێنێت، كە دەنگ بەكاندیدەكەیان بدەن، بۆ ئەو مەبەستەش ناوێكی نوێیان خستووەتە بەردەم لایەنە عێراقییەكان.

هەر بەپێی زانیارییەكان پارتی لەو بارەوە نیگەرانەو بەنیازە بەم نزیكانە بەپێچەوانەی هەوڵەكانی یەكێتی دەست بەچەند هەوڵێك بكات، كە ڤیان سەبری ئامادەنەبوو لەو بارەوە هیچ زانیارییەك بدات بەپەیسەرپرێس.

یەكێتی لەسەرەتای پێكهێنانی حكومەتی عێراقەوە داوای پۆستی وەزیری داد دەكات، لەكاتێكدا پۆستی سەرۆك كۆماری وەرگرتووە، بەڵام پارتی ئەوە رەتدەكاتەوەو چەند جارێكیش رێگری لەهەوڵەكانی یەكێتی كردووە.