کوردستان

10:00 - 28/02/2019

ئەمریكی‌و ئێرانییەكان هەوڵی چارەسەركردنی كێشەكانی پارتی‌و یەكێتی دەدەن‌

پەیسەر

لایەنی ئەمریكی‌و ئێرانی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان پارتی دیموكرات‌و یەكێتی نیشتمانی هاتوونەتە سەر هێڵ‌و داوایان كردووە رێككەوتن واژوو بكەن.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەچەند سەرچاوەیەكی ئاگادار دراوە پەیسەرپرێس، كونسوڵخانەی ئەمریكا دوو رۆژە دەستی بەچەند هەوڵێك كردووە، ئەوەش لەرێگەی پەیوەندییەكانی بۆ ئەوەی باوەڕ بە بەرپرسانی پارتی‌و یەكێتی بهێنێت، كۆبوونەوە لەئاستی باڵا ئەنجامبدەن.

هەر بەپێی زانیارییەكان، ئامانجی هەوڵەكانی كونسوڵخانەی ئەمریكا بۆ كۆبوونەوەی پارتی‌و یەكێتی بۆ ئەوەیە چارەسەری كێشەكانیان بكەن‌و لەسەر پێكهێنانی حكومەت رێككەوتن بكەن.

پارتی‌و یەكێتی لەسەر پێكهێنانی حكومەتی هەرێم كێشەیان هەیە، كە بەم دوایانە بەچەند هۆكارێكی جیاواز گرژی كەوتووەتە پەیوەندییەكانی نێوانیان‌و تائێستا دیارنییە ئەو دوو لایەنە كەی كۆبوونەوە ئەنجامدەدەن.

لەلایەكی ترەوە، چەند رۆژێكە شاندێكی ئێرانی، كە لەتارانەوە سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردووەو كۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی پارتی‌و یەكێتی كردووە، ئەوەش بۆ نێوەندگیری هەردوو حیزب.

هەر بەپێی زانیارییەكان، شاندە ئێرانییەكە لەسلێمانی لەگەڵ بەرپرسانی یەكێتی‌و لەهەولێر لەگەڵ بەرپرسانی پارتی كۆبوونەتەوەو ئامانجی كۆبوونەوەكانیش بۆ ئەوە بووە، هەردوو حیزب رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەت واژوو بكەن.

كێشەی پارتی‌و یەكێتی لە پرسی دانانی پارێزگارێكی نوێ‌ بۆ كەركوك‌و كاندیدێك بۆ پۆستی وەزارەتی دادی عێراقی سەرچاوەی گرتووە، كە لەو بارەشەوە چەندین دەستپێشخەری خراوەتەڕوو، بەڵام تائێستا بەئەنجام نەگەیشتوون.