کوردستان

11:18 - 27/02/2019

یەكگرتووی ئیسلامی هەنگاوەكەی پەرلەمان بەنایاسایی وەسف دەكات‌

پەیسەر

یەكگرتووی ئیسلامی بێبەشكردنی لە ئەندامیەتی لیژنەی یاسایی بەنایاسایی وەسف دەكات ، وەك كاردانەوەیەكیش بەشداری كۆبوونەوەی ئەمڕۆی  دەستەی سەرۆكایەتی و سەرۆكی فراكسیۆنەكان ناكەن.


شێركۆ جەودەت سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان بە پەیسەرپرێسی راگەیاند: ئەوەی لە كۆبونەوەكەی دوێنێدا ڕویدا پێچەوانەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان بوو كە تێیدا یەكگرتووی ئیسلامی لە وەرگرتنی ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمان بێبەشكرا.

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو دەشڵێت، فراكسیۆنەكانی تر چونكە كورسیان بۆ خۆیان مسۆگەركردبوو چاوپۆشیان لەو هەنگاوە نایاساییە كرد، سەبارەت بەهەڵوێستی دواتری فراكسیۆنەكەشیان شێركۆجەودەت دەڵێت لەكاتی خۆیدا هەڵوێستیان دەبێت.

هەر بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست پەیسەرپرێس كەووتووە، وەك كاردانەوەكەیان لەسەر بێبەشكردنی لە ئەندامیەتی لیژنەی یاسایی، یەكگرتووی ئیسلامی بەشداری كۆبوونەوەی ئەمڕۆی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەرۆكی فراكسیۆنەكان ناكات.

دوێنی پەرلەمانی كوردستان لیژنەی یاسایی هەڵبژارد بەڵام دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان چنار ئەحمەد كاندیدی یەكگرتووی ئیسلامی بۆ لیژنەی یاسایی رەتكردەوە، بەهۆیەوە یەكگرتووی ئیسلامی بایكۆتی كۆبونەوەكەی كرد و هۆڵی دانیشتنەكەی جێهێشت.