05:59 - 27/11/2018
لە دژی گۆڕان بەرهەم ساڵح داوایەك ئاڕاستەی عادل عەبدولمەهدی دەكات
بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی تایبەتەوە دەستی كەوتووە، شەوی رابردوو بەرهەم ساڵەح پەیوەندی بە عادل عەبدولمەهدیەوە كردووە و داوای لێكردووە هیچ پۆستێكی وەزاری نەداتە بزوتنەوەی گۆڕان و لەبەرامبەردا وەزارەتێك بۆ یەكێتی یەكلایی بكاتەوە.
بەپێی زانیاریەكانی پەیسەر پرێس دوای ئەوەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران لەفراكسیۆنی یەكێتی ناوی وەزیرەكانیان بەدەست گەیشتووە و دڵنیابونەوە كە خالید شوانی بۆ وەزیری داد كاندید نەكراوە، پەیوەندیان بە مەكتەبی سیاسی حزبەكەیانەوە كردووە و بافڵ تاڵەبانیش بەدوو ئاراستە كاری لەسەر ئەو پرسە كردووە لەلایەك پەیوەندی بە بەرهەم ساڵحەوە كردووە بۆئەوەی تەكلیف لەعادل عەبدولمەهدی بكات و لەلایەكی تریشەوە پەیوەندی بە ژمارەیەك سیاسەتمەداری عێراقەوە كردووە و هەرەشەی ئەوەی كردووە كە ئەگەر وەزیری داد بدرێتە پارتی یان گۆڕان ئەوە یەكێتی لە پرۆسەی سیاسی عێراق دەكشێتەوە و سەرۆك كۆماریش دەستلەكاردەكێشێتەوە.
هاوكات مەكتەبی سیاسی یەكێتی داوای لە پەرلەمانتارانی حزبەكەی كردووە، لە بەغداد بچنە پاڵ ئەو بەرەیەی كە داوای دواخستنی كۆبونەوەكەی ئەنجومەنی نوێنەران دەكەن، ئەوەش لەكاتێكدایە كۆبونەوەكە تایبەت بوو بە متمانەدان بەو هەشت وەزیرەی لەكابینەی عادل عبدولمەهدی بە بەتاڵی ماونەتەوە.
لەسەر بنەمای ئەو داواكاریەش پەرلەمانتارانی یەكێتی چوونەتە بەرەی ئەو پەرلەمانتاراتنەی داوای دواخستنی دانیشتنەكەیان كردووە.