05:47 - 24/02/2019
هەڵوێستی پارتی لەسەر خۆ كاندیدكردنی شاڵاو عەلی عەسكەری
خۆكاندیكردنی شاڵاوی عەلی عەسكەری بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك بەرەزامەندی پارتی دیموكراتی كوردستان بووە.
شاڵاو عەلی عەسكەری، كە هاوكات ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانییە، ڕۆژی هەینی ٢٢ی شوباتی ٢٠١٩ نامەیەكی بۆ مەڵبەندی كەركوكو مەكتەبی سیاسی یەكێتی ناردووەو بەپێی نامەكە ناوبراو خۆی كاندید كردووە بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری كەركوك.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادار دراوە بەپەیسەرپرێس، شاڵاو عەلی عەسكەری دوای وەرگرتنی رەزامەندی پارتی دیموكراتو خودی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی خۆی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك كاندید كردووە.
هەر بەپێی زانیارییەكان، خۆكاندیدكردنەكەی پەیوەندی بە ناڕەزایی پارتی بووە، بۆ چەند كاندیدێكی پێشووی یەكێتی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك، كە دەیەوێت لەرێگەی پشتگیری پارتیو بە رەزامەندی یەكێتی ئەو پۆستە وەربگرێت.
شاڵاو عەلی عەسكەری، بەم دوایانە پەیوەندییەكانی لەگەڵ بەرپرسانی پارتی ئاسایی بووەتەوە، كە لەنامەی خۆكاندیدكردنەكە داوای پشگیریكردنی یەكێتیشی كردووە، بۆ ئەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك وەربگرێت.
پارتیو یەكێتی ماوەیەكە لەسەر پۆستی پارێزگاری كەركوك كێشەیان هەیەو رەنگە بەكاندیدبوونی شاڵاو عەلی عەسكەری، ئەو كێشانەی نێوانیان لەو بارەوە چارەسەر ببێت.