03:42 - 24/02/2019
نامەكەی بارزانی بۆ كۆسرەت رەسوڵ دۆخی ناوخۆی یەكێتی هێوركردووەتەوە
ئەو نامەی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكرات ئاراستەی كۆسرەت رەسوڵ جێگری سكرتێری یەكێتی نیشتمانی كرد، دۆخی ناوخۆی یەكێتی هێوركردووەتەوەو بەو هۆیەشەوە دەست بەگفتوگۆ لەگەڵ پارتی دەكاتەوە.
مەسعود بارزانی لەدوو رۆژی رابردوو نامەیەكی ئاراستەی كۆسرەت رەسوڵ كرد، كە ئامانج لەناردنی نامەكەی بۆ ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان پارتیو یەكێتی بووە، كە ماوەیەكە پەیوەندی هەردوو حیزب گرژی تێكەوتووە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگاداری مەكتەبی سیاسی یەكێتی دراوە بەپەیسەرپرێس، نامەكەی بارزانی كاریگەری لەسەر دۆخی ناوخۆی یەكێتی هەبووەو بۆ پرسی پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم ئەو حیزبەی هێوركردووەتەوە.
هەر بەپێی زانیارییەكان بەهۆی نامەكەی بارزانی، مەكتەبی سیاسی یەكێتی بڕیاریداوە دەست بەگفتوگۆكانی لەگەڵ پارتی بۆ پێكهێنانی حكومەت بكاتو بۆ ئەو مەبەستەش پەیامی بۆ ناردووە، كە شاند بۆ گفتوگۆكردن بنێرنە سلێمانی.
زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، كە بڕیارە بەم نزیكانە شاندێكی پارتی سەردانی سلێمانی بكاتو لەگەڵ شاندی یەكێتی گفتوگۆی پێكهێنانی حكومەت بكەنەوە.
پێشتر بەهۆی ئەوەی پارتی كۆبوونەوەی پەرلەمانی لە 18ی شوبات بەبێ یەكێتی بەرێوەبردوو، نیگەرانی لەناو ئەو حیزبە دروست كردبوو، بۆ ئەوەش رایانگەیاندبوو، كە بۆ گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەت، داواكارییەكانیان دەگۆڕن.
بارزانی لەنامەكە ئامادەیی پارتی نیشاندابوو، بۆ دەنگدان بەكاندیدی یەكێتی بۆ سەرۆكی پەرلەمانو جێگری سەرۆكی حكومەت، هەروەها جەختیكردبووەوە، كە پارتی لەپێناوی پێكهێنانی كابینەی حكومەت پۆستی زیاتری لە مافی خۆی بۆ یەكێتی دیاریكردووە.
لە نامەكەیدا بارزانی ئەوەشی بە كۆسرەت رەسوڵ راگەیاندووە، پێویستە یەكێتی و پارتی بگەرێنەوە بۆ لێكتێگەیشتنی 5ی شوبات دەربارەی پۆستەكانی كابینەی حكومەت.
سەبارەت بە پۆستی پارێزگار كەركوك و وەزیری دادیش بارزانی داوای ئەوەی كردووە، كە پێویستە لەسەر ئەو دوو پرسە هەردوولا دەست بە گفتوگۆ بكەنەوە و لەرێگەی لیژنە هاوبەشەكانەوە بگەنە رێككەوتن.
دوای دانیشتنی 18ی ئەم مانگەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی یەكێتی و پارتی بایكۆتی دانیشتنەكانی یەكتریان كرد و پەیوەندییەكانی ئەو دوو حیزبە بەرەو ئاڵۆزی چوو، بارزانی بۆ چارەسەركردنی ئەم پرسە, لە نامەكەیدا داواشی لەیەكێتی كردووە بگەڕێتەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ بەمەبەستی چارەسەری كێشەكان.