11:24 - 24/02/2019
جارێكی تر یه‌كێتی له‌باره‌ی پۆستی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمه‌وه گۆڕانكاری له داواكه‌ی ده‌كات
یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان كه داوای پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانی ده‌كرد، جارێكی تر گۆڕانكاری له داواكانی ده‌كات و له‌گه‌ڵ داوای پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان داوا ده‌كات جێگرانی سه‌رۆكی هه‌رێم بۆ دوو جێگر زیاد بكرێت و یه‌كێكیان به‌ر حیزبه‌كه‌ی بكه‌وێت.
به‌پێی زانیارییه‌كانی به‌رده‌ستی په‌یسه‌رپرێس، یه‌كێتی به‌نیازی ئه‌وه‌یه پۆستی جێگری دووه‌می سه‌رۆكی هه‌رێم كه تائێستا یه‌ك جێگری هه‌یه وه‌ربگرێت.
یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان له داواكه‌یدا به نیازی ئه‌وه‌یه، پۆستی جێگری دووه‌می سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌سه‌ڵاتی (جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم بۆ كاروباری پێشمه‌رگه)ی هه‌بێت وه‌ربگرێت.
پۆستی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم به‌پێی رێكه‌وتنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و پارتی دیموكراتی كوردستان، به‌ر بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان كه‌وتووه.
پێشتر باس له بوونی دوو جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت ده‌كرا، به‌ڵام به‌هۆی سووربوونی یه‌كێتی له‌سه‌ر یه‌ك جێگر بۆ سه‌رۆكی حكومه‌ت ئه‌و پۆسته دانه‌نرا و تائێستا سه‌رۆكی حكومه‌ت یه‌ك جێگری هه‌یه و بۆ یه‌كێتی دانراوه.
له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و پۆسته‌شدا، یه‌كێتی ده‌یه‌وێت هه‌ردوو وه‌زاره‌تی ناوخۆ و پێشمه‌رگه‌شی به‌ربكه‌وێت و داوای ئه‌و دوو وه‌زاره‌ته سیادیه‌ی كردووه.