ڕاپۆرتی کوردستانی

05:22 - 23/02/2019

نامه‌ گۆڕینه‌وه‌كانى بارزانى و كۆسره‌ت ره‌سوڵ دانوستانه‌كان به‌كوێ ده‌گه‌یه‌نێت؟‌

فه‌رمان حه‌سه‌ن

پێده‌چێـت ئه‌و درزه‌ى له‌سه‌ر مێزى گفتوگۆكانى یه‌كێتى و پارتى دواى دانیشتنى په‌رله‌مانى كوردستان دروستبوو ماوه‌یه‌كى زۆر نه‌خایه‌نێت و نامه‌ گۆڕینه‌وه‌كەى مه‌سعود بارزانى و كۆسره‌ت ره‌سوڵ گفتوگۆكان بخاته‌وه‌ جێى خۆى، به‌ڵام دیار نییه‌ دواى ئه‌و مانۆڕه‌ى یه‌كێتى و پارتى به‌رامبه‌ر یه‌ك كردیان چه‌ند زوو ده‌سازێن و پشت له‌ خاڵه‌ ناكۆكه‌كان ده‌كه‌ن، نامه‌كان ته‌نها كۆبوونه‌وه‌كان درێژ ده‌كه‌نه‌وه‌ یاخود نزیكبوونه‌وه‌كه‌ تا رێككه‌وتن ناوه‌ستێنێت.

په‌یسه‌ر پێشتر ئه‌وه‌ى بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ مه‌سعود بارزانى نامه‌یه‌كى ئاڕاسته‌ى كۆسره‌ت ره‌سوڵ كردووه‌و داوایكردووه‌، یه‌كێتى و پارتى بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر مێزى دانوستان و كێشه‌كان به‌گفتوگۆ چاره‌سه‌ر بكه‌ن و گوتوویه‌تى، پارتی لەپێناوی پێكهێنانی كابینەی حكومەت پۆستی زیاتری لە مافی خۆی بۆ یەكێتی دیاریكردووە. هاوكات سامان گه‌رمیانى ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى به‌ میدیاكانى پارتى گوتووە كه‌ نامه‌كه‌ى بارزانى له‌ وه‌ڵامى په‌یامێكى كۆسره‌ت ره‌سوڵ بوو كه‌ بۆ بارزانى ناردووه‌ بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە.

بارزانى و كۆسره‌ت ره‌سوڵ له‌دواى پێكهێنانى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ ئه‌زمونى پێكه‌وه‌ییان زیاتره‌ له‌ ناكۆكى، له‌ سه‌ره‌تاى ده‌ستپێكى دانوستانه‌كانى یه‌كێتى و پارتییه‌وه‌ كۆسره‌ت ره‌سوڵ وه‌ك كلیلى كردنه‌وه‌ى دۆخه‌ داخراوه‌كه‌ سه‌یر ده‌كرا ئه‌وه‌ش به‌هۆى نزیكى له‌ بارزانییه‌وه‌، له‌و ماوه‌دا ده‌ربازى كوڕى جارێك بۆ لاى بارزانى ناردووه‌ و بۆ خۆشى جارێك سه‌ردانى كردووه‌، كه‌ هه‌ردوو سه‌ردانه‌كه‌ نیگه‌رانى ناوخۆى یه‌كێتى لێكه‌وته‌وه‌و گومانیان هه‌بوو نزیكییه‌كه‌ى بارزانى و كۆسره‌ت ره‌سوڵ له‌سه‌ر حسابى ئه‌وان و پۆسته‌كانى ناو یه‌كێتى و رێككه‌وتنى چاوه‌ڕوانكراوى هه‌ردوو حزب بێت.

ئه‌وه‌ى له‌ روواڵه‌تدا ده‌بینرێت كۆسره‌ت ره‌سوڵ زۆرتر مه‌یلى هه‌یه‌ بۆ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ پارتى و بارزانى، به‌ڵام قه‌له‌قى ئه‌وه‌شه‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ بۆئه‌و هیچى تێدا نه‌بێت و بارزانى و تاڵه‌بانییه‌كان پۆسته‌ گرنگه‌كان بۆخۆیان به‌رن و ئه‌ویش به‌ ده‌ستى به‌تاڵ ده‌ربچێت، چونكه‌ له‌ناوخۆى یه‌كێتى تا ئێستا باڵه‌ لاوازه‌كه‌یه‌و گره‌نتى هیچ كام له‌ پۆسته‌كانى سه‌رۆكى په‌رله‌مان، جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت، وه‌زیرى پێشمه‌رگه‌ى وه‌رنه‌گرتووه‌ كه‌ بۆ یه‌كێك له‌ نزیكه‌كانى بێت، بۆیه‌ هه‌نگاوى گونجاو بۆئەو ئه‌وه‌یه‌ لینكه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ پارتى نه‌پچڕێت تا نه‌هڵێت به‌ ئاسانى گۆڵى لێبكرێت، چونكه‌ ئه‌گه‌ر ده‌باشان نه‌یه‌نه‌ ژێر بارى داواكانى كۆسره‌ت ره‌سوڵ پیرمام دوا شوێنه‌ دۆخه‌كه‌ى بۆ ڕاست بكاته‌وه‌.

بۆیه‌ پێده‌چێت ئه‌و هێڵه‌ى له‌گه‌ڵ بارزانى هه‌یبوو به‌ ئاسانى نه‌یپچڕێت، هه‌رچه‌ند له‌ كۆبوونه‌وه‌ى گشتى كادیرانى یه‌كێتى خۆى به‌ ته‌نها ده‌ركه‌وت و ماڵى تاڵه‌بانى له‌ ته‌نیشتى نه‌وه‌ستان، به‌ڵام به‌ ئاڵوگۆڕكردنى نامه‌و په‌یام له‌گه‌ڵ بارزانیدا ئاماژه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى هێشتا هه‌ردوو سه‌رى په‌ته‌كه‌ له‌ ده‌ستى بارزانى و كۆسره‌ت ره‌سوڵدایه‌، ده‌ركه‌وتنیش له‌ كۆبوونه‌وه‌ فراوانه‌کەى یه‌كێتى بۆ جێگرى یه‌كه‌مى سكرتێر بێسوود نابێت ئه‌گه‌ر بتوانێت  ئه‌و هه‌نگاوانه‌ى بقۆزێته‌وه‌ بۆ كۆنگره‌ى ناوخۆى یه‌كێتى و باڵانسى خۆى به‌رزبكاته‌وه‌، هه‌روه‌ها هاوسه‌نگییه‌ك رابگرێت له‌نێوان دۆستایه‌تییه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ پارتى و دژه‌ پارتییه‌كانى ناو یه‌كێتى.

كۆسره‌ت ره‌سوڵ له‌ ده‌ستپێكه‌وه‌ خۆى وه‌ك سه‌رۆك تیمى دانوستانكاره‌كانى یه‌كێتى ده‌خاته‌ پێش چاوو، له‌ناو ورده‌كارى و به‌ره‌وپێشچوونى كۆبوونه‌وه‌كانه‌، پێناچێت هه‌رگیز بیه‌وێت په‌ته‌كه‌ له‌ده‌ستى ئه‌ودا پچڕێت و نێوانیان له‌گه‌ڵ پارتى به‌ بنبه‌ست بگات، باڵى ماڵى تاڵه‌بانیش به‌رده‌وامى گفتوگۆکانیان پێ خراپ نییه‌ و ره‌نگه‌ زۆر لاریشیان نه‌بێت كه‌ كۆسره‌ت ره‌سوڵ ده‌موچاوى سه‌ره‌كى مامه‌ڵه‌ بێت له‌گه‌ڵ پارتى، به‌وپێیه‌ى هه‌م خۆیان له‌ناو ورده‌كارى كاره‌كه‌دان و ئاگادارى به‌ره‌و پێشچوونه‌كانن هه‌م ناشیانه‌وێت ئه‌گه‌ر گفتوگۆكان ته‌نگه‌ژه‌یان تێكه‌وت خه‌تابارى له‌ ئه‌ستۆ بگرن ناشیانه‌وێت واده‌ربكه‌ون كه‌ ئه‌ندازیارى په‌یوه‌ندییه‌كانن له‌گه‌ڵ پارتى ئه‌وه‌شیان زیاتر بۆ كۆنگره‌ى حزب پێویسته‌.

مه‌سعود بارزانى كه‌ به‌ نامه‌كه‌ى جوڵه‌یه‌كى خسته‌وه‌ دۆخه‌كه‌، خواستى زۆرى هه‌یه‌ بۆ هه‌رچى زوو پێكهێنانى حكومه‌ت و ئه‌نجامدانى گۆڕانكارییه‌كانى كاندیده‌كانى پارتى له‌ پۆستى سه‌رۆكى هه‌رێم و سه‌رۆكى حكومه‌ت، ئه‌و هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ مه‌به‌ستى بووه‌ زوو كاره‌كه‌ ته‌واوبكرێت و رێككه‌وتن بكرێت، پارێزگارى كه‌ركوك و كێشه‌ى سه‌رۆكایه‌تى كۆمار له‌به‌رده‌میدا گرێبوو، ئه‌گه‌ر سازشیان له‌سه‌ر بكات بۆ حزبه‌كه‌ى قورسه‌ و پێداگریشیان لێبكات كابینه‌ى حكومه‌ت زیاتر دواده‌كه‌وێت، بۆیه‌ له‌ نامه‌كه‌یدا بۆ كۆسره‌ت ره‌سوڵ ئاماژه‌ى واى بۆ هیچ كام له‌و دوو ئه‌گه‌ره‌ نه‌داوه‌ به‌ده‌سته‌وه‌.

پێده‌چێت بارزانى هێشتا سووربێت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى به‌دواى چاره‌سه‌رێكى مامناوه‌ندیدا بگه‌ڕێت، به‌جۆرێك حكومه‌ت به‌ ئاشته‌وایى له‌ دایك بێت بێ ئه‌وه‌ى سازش له‌سه‌ر پرسى كه‌ركوك و وه‌زاره‌تى داد بكات، بۆیه‌ش له‌سه‌ر ئه‌و دوو بابه‌ته‌ داواده‌كات یه‌كێتى و پارتى بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ سه‌ر مێزى گفتوگۆ و به‌ دانوستان یه‌كلایى بكه‌نه‌وه‌، ئه‌و دوو بابه‌ته‌ بۆ مه‌سعود بارزانى گرنگى تایبه‌تى هه‌یه‌ بۆیه‌ش خۆ به‌ده‌سته‌وه‌دانى پارتى له‌سه‌ریان وا ئاسان نابێت پارێزگارى كه‌ركوك په‌یوه‌ندى به‌ رووداوه‌كانى ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر و وه‌زاره‌تى دادیش په‌یوه‌ندى به‌ هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك كۆمارەوه‌ هه‌یه‌ كه‌ پارتى پێى وایه‌ له‌ هه‌ردوو رووداوه‌كه‌ له‌ پشته‌وه‌ چه‌قۆى لێدراوه‌.

بارزانى مه‌به‌ستیه‌تى كۆسره‌ت ره‌سوڵ بڕیارده‌رى دانوستانه‌كانى یه‌كێتى بێت و هه‌ر ئه‌و ئیداره‌ى دانوستانه‌كان بكات، بۆیه‌ش نامه‌كه‌ى ئاڕاسته‌ى خودى كۆسره‌ت ره‌سوڵ كردووه‌ و ده‌یه‌وێت مامه‌ڵه‌ى فه‌رمى له‌گه‌ڵ ناوه‌ندى بڕیارى یه‌كێتى بكات، به‌وجۆره‌ش هه‌ردوو سه‌رى په‌تى دانوستانه‌كان له‌ده‌ستى دوو كه‌سایه‌تى محافزكاردا ده‌بێت، بارزانى و كۆسره‌ت ره‌سوڵ، به‌ڵام دووه‌میان له‌ناوخۆى حزبه‌كه‌ى ئاسته‌نگى زۆره‌ هه‌روه‌ها به‌ ئاسانى سوكانى كه‌شتییه‌كه‌ى یه‌كێتى نادرێت به‌ده‌سته‌وه‌ تا خۆى بڕیارده‌رى دانوستانه‌كان بێت.

بارزانى له‌پێناو ئه‌وه‌ى زوو ئه‌و هاوكێشه‌ سیاسییه‌ تازه‌كه‌ى هه‌رێم بمه‌یه‌ت و كابینه‌ى نوێى حكومه‌ت زوو پێكبێت، ده‌رگایه‌كى كڵۆمدراوى له‌ به‌غدا كرده‌وه‌و فایلى ریفراندۆمى داخست و قۆناغێكى نوێى له‌گه‌ڵ حكومه‌تى ناوه‌ندى راگه‌یاند، له‌ناوخۆى كوردستانیش له‌گه‌ڵ گۆڕان په‌یوه‌ندییه‌كانى ئاساییكرده‌وه‌و رێككه‌وتنى له‌گه‌ڵ واژۆكرد، ئێستا پارتى داواى له‌ كۆمه‌ڵ، سۆسیالست و بزوتنه‌وه‌ش كردووه‌ بۆ به‌شدارى له‌ حكومه‌ت، بۆیه‌ نایه‌وێت رێكنه‌كه‌وتن له‌گه‌ڵ یه‌كێتى هه‌موو ئه‌و هه‌نگاوانه‌ بشێوێنێت، هه‌رچه‌ند هیچ كام له‌و گرێیانه‌ى كردونیه‌ته‌وه‌ به‌ قه‌ده‌ر گرێكه‌ى پارتى له‌گه‌ڵ یه‌كێتى كوێر نییه‌، چونكه‌ له‌ ئاكامى نێوانى كێشه‌ى ئه‌و دوو حزبه‌ نیوه‌ى كوردستان له‌ده‌ستچوو، له‌هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك كۆماریش ركابه‌رییان گه‌یانده‌ لوتکە.

وا ده‌رده‌كه‌وێت ئێستا سه‌رى دۆخه‌ ئاڵۆسكاوه‌كه‌ له‌ده‌ستى بارزانى كۆسره‌ت ره‌سوڵدا بێت، له‌نێوان خواستى زۆرى هه‌ردوولا بۆ رێككه‌وتن له‌ دایكبوونى حكومه‌ت ژانى زۆرى ناوێت، به‌ڵام ئایا كۆسره‌ت ره‌سوڵ چه‌ند ده‌توانێت ئیداره‌ى په‌یوه‌ندییه‌كان بكات له‌گه‌ڵ پارتى و هه‌م چاوى له‌ باڵه‌كه‌شى بێت كه‌ گورگانخوارد نه‌كرێت له‌ناو حزب، ئه‌وه‌ى كاره‌كه‌ى لێ ئاڵۆزكردووه‌ ئاسان نییه‌ بتوانێت له‌نێوان یه‌كێتى و پارتى نێوبژیوان و له‌ناوخۆى حزبه‌كه‌شى جه‌مسه‌رى كێشه‌ بێت، چاوى له‌وه‌شه‌ به‌قه‌د ناو و كه‌سایه‌تى خۆى رۆڵى هه‌بێت بۆ چاككردنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كان، ئه‌وه‌ى گومان ده‌خاته‌ سه‌ر به‌ئه‌نجام گه‌یشتنى هه‌موو هه‌نگاوه‌كان مانه‌وه‌ى كێشه‌ ناوخۆییه‌كانى یه‌كێتییه‌ ئه‌گه‌ر كێشه‌كان له‌سه‌ر پۆسته‌كانی حزبەکە به‌لادا نه‌خرێت ته‌نانه‌ت نه‌ رێككه‌وتن و نه‌ رۆڵى ئه‌و دوو كه‌سایه‌تییه‌ش به‌س نین بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت.