02:12 - 23/02/2019
ناوەڕۆكی نامەكەی بارزانی بۆ كۆسرەت رەسوڵ عەلی
لەسەر ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، مەسعود بارزانی نامەیەك بۆ كۆسرەت رەسوڵ دەنێرێت.
بەپێی زانیارییەكانی بەردەست پەیسەرپرێس لە نامەكەیدا مەسعود بارزانی رایگەیاندووە، پارتی ئامادەیە دەنگ بەكاندیدی یەكێتی بۆ سەرۆكی پەرلەمان و جێگری سەرۆكی حكومەت بدات، و هەروەها پارتی لەپێناوی پێكهێنانی كابینەی حكومەت پۆستی زیاتری لە مافی خۆی بۆ یەكێتی دیاریكردووە.
هەروەها لە نامەكەیدا بارزانی ئەوەشی بە كۆسرەت رەسوڵ راگەیاندووە، پێویستە یەكێتی و پارتی بگەرێنەوە بۆ لێكتێگەیشتنی 5ی شوبات دەربارەی پۆستەكانی كابینەی حكومەت.
سەبارەت بە پۆستی پارێزگار كەركوك و وەزیری دادیش بارزانی داوای ئەوەی كردووە كە پێویستە لەسەر ئەو دوو پرسە هەردوو لا دەست بە گفتوگۆ بكەنەوە و لەرێگەی لیژنە هاوبەشەكانەوە بگەنە رێككەوتن.
دوای دانیشتنی 18ی ئەم مانگەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی یەكێتی و پارتی بایكۆتی دانیشتنەكانی یەكتریان كرد و پەیوەندییەكانی ئەو دوو حیزبە بەرەو ئاڵۆزی چوو، بارزانی بۆ چارەسەركردنی ئەم پرسە, لە نامەكەیدا داواشی لەیەكێتی كردووە بگەڕێتەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ بەمەبەستی چارەسەری كێشەكان.
بەپێی زانیارییەكان، بڕیارە مەكتەبی سیاسی یەكێتی كۆببێتەوە و ناوەرۆكی نامەكەی بارزانی تاوتوێ بكات و پاشان وەڵامی بداتەوە و زۆرینەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی پشتیوانی گەرانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ دەكەن.