کوردستان

11:56 - 21/02/2019

دوو داواكاری بافڵ تاڵەبانی لە ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی‌

پەیسەر

بافڵ تاڵەبانی داوادەكات كۆمەڵی ئیسلامی بەشداربێت لەپرۆسەی رێككردنەوەی هاوسەنگی سیاسی و دەشیەوێت نێوەندگیری لەنێوان حزبەكەی و گۆڕان بكات.

بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە، بافڵ تاڵەبانی كورە گەورەی جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووی یەكێتی لە سەردانەكەیدا بۆ لای عەلی باپیر دوو داواكاری ئاڕاستە كردووە.

زانیارییەكان ئاماژە بۆ ئەوەدەكەن، بافڵا تاڵەبانی لەلایەك ستایشی فراكسیۆنی كۆمەڵی كردووە كە دەنگیان بە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان نەداوە و لەلایەكی تریشەوە داوایكردووە كۆمەڵی ئیسلامی بەشداربێت لەپرۆسەی رێككردنەوەی هاوسەنگی هێز لەبەرامبەر پارتی و بەبێ یەكێتیش بەشداری حكومەت نەكات.

هەروەها بافڵ تاڵەبانی داوای لەئەمیری كۆمەڵكردووە كە لێكۆڵینەوە لەرێككەوتنی دووقۆڵی یەكێتی و كۆمەڵ بكەن، و ئەگەریش گۆڕان بەشداربێت ئەوە باشترە رێككەوتنەكە سێ قۆڵی بێت.

هەروەها بۆ ئاسایكردنەوەی پەیوەندیەكانی گۆڕان و یەكێتیش داوای نێوەندگیری لە ئەمیری كۆمەڵ كردووە و رایگەیاندووە ئەوان وەك حزب و ئەوكەسەشی ئێوارەی 12ی ئایار تەقەی لە مەكۆی سەرەكی گۆرأن كردووە ئامادەن داوای لێبوردن بكەن.

لە وەڵامی ئەو دوو داواكارییەدا ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی هیچ وەڵامێكی ئەوتۆی بافڵ تاڵەبانی نەداوەتەوەو پێی راگەیاندووە لێكۆڵینەوە لەداواكاریەكانیان دەكەن و وەڵامیان دەدەنەوە.