ڕاپۆرتی کوردستانی

05:18 - 20/02/2019

شه‌قامه‌كانى هه‌رێمى كوردستان بوونه‌ته‌ گۆڕستان‌

ڕەنج عوسمان

شه‌قامه‌كانى هه‌رێمى كوردستان بوونه‌ته‌ گۆڕستان، رۆژانه‌ مه‌رگى خه‌ڵكى تێدا راده‌گه‌یه‌نرێت، رووداوه‌كانى هاتووچۆ بوونه‌ته‌ مۆته‌كه‌ى ژیان له‌ هه‌رێمى كوردستان، ئامارى قوربانییه‌كان كه‌ ده‌ست په‌یسه‌ر كه‌وتوون ژماره‌ى ترسناكن، خراپى رێگه‌وبانه‌كان وه‌ك هۆكارى سه‌ره‌كى ئه‌و رووداوانه‌ باس ده‌كرێت.

په‌یسه‌ر ئامارى قوربانییه‌كانى نۆ ساڵى رابردووى له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى هاتوچۆى هه‌رێمى كوردستان، ده‌ست كه‌وتووه‌ به‌پێى ئاماره‌كان له‌ نۆ ساڵى رابردوودا ٣٦ هه‌زار و ٨٨٢ رووداوى هاتوچۆ له‌ هه‌رێمى كوردستان روویانداوه‌ و له‌و رووداوانه‌دا شه‌ش هه‌زار و ٥٠٥ كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.


قوربانییه‌كان ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ نین به‌ڵكو ٧٧ هه‌زار و ٣٣٢ كه‌سى دیكه‌ له‌و رووداوانه‌دا برینداربوون، به‌ ته‌نها له‌ ساڵى ٢٠١٨ به‌ دیاریكراوى چوار هه‌زار و ١٧٥ رووداوى هاتوچۆ له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى هاتوچۆى هه‌رێم تۆماركراوه‌.

به‌پێى ئه‌و به‌دواداچوونانه‌ى په‌یسه‌ر كردوویه‌تى به‌ ته‌نها له‌ ساڵى ٢٠١٨ دا و به‌پێى پۆلێن به‌ندییه‌ك بۆ هۆكارى رووداوه‌كان ده‌ركه‌وتووه‌ سه‌دا ٦٠ی رووداوه‌كان به‌هۆى تیژڕه‌ویی و خێراییه‌وه‌یه‌و سه‌دا هه‌شتى به‌هۆى نه‌بوونى مه‌رجه‌كانى توندوتۆڵیی و له‌ سه‌دا ٣٢ی هۆكاری رووداوەکان كه‌مته‌رخه‌مین.

نه‌جات نه‌جم ڕاهێنه‌رى نێوده‌وڵه‌تیی و سه‌رۆكى ڕێكخراوى هێڵى سوور بۆ هۆشیارى هاتوچۆ، بۆ په‌یسه‌ر باس له‌ زیاد له‌ هۆكارێك ده‌كات كه‌ ده‌بنه‌ هۆى زیادبوونى رووداوه‌كان، نه‌جات گوتى"نا هۆشیاریی تاكه‌كان به‌ ڕێگاكانى هاتوچۆ و هێڵه‌كانى په‌ڕینه‌وه‌ یه‌كێكه‌ له‌ هۆكاره‌كان، چونكه‌ به‌ وته‌ى ئه‌و به‌شێكى به‌رچاو له‌ رووداوه‌كان،  شێلانى هاوڵاتیانه‌ له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان، پێشیوایه‌ ئه‌وانه‌ى مۆڵه‌تى شۆفێریی وه‌رده‌گرن فێرنه‌كراون كه‌ چۆن یاساكانى هاتوچۆ به‌كاربێنن و پێوه‌ى پابه‌ندبن".


 به‌بڕواى ئه‌و چالاكوانه‌ى بوارى هاتوچۆ، تاسه‌ى زۆر و خراپى هێڵكاریی سه‌ر ڕێگاكان و خێرایی زۆرى لێخوڕین له‌لایه‌ن شۆفێرانه‌وه‌ هۆكارى زۆربه‌ى ئه‌و رووداوانه‌یه‌، هه‌روه‌ها بوونى بارهه‌ڵگرى زۆر له‌ شه‌قامه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ناوچه‌ى نیشته‌جێبوون به‌ هۆكارێكى تر ده‌زانێت،"ئه‌و ئه‌و بارهه‌ڵگرانه‌ ناوچه‌ى كوێر بۆ ئۆتۆمبێلى تایبه‌ت و بچوك دروست ده‌كه‌ن و زۆر جار له‌ كاتى ڕه‌تبوونى ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌دا ڕووداوى هاتوچۆى لێده‌كه‌وێته‌وه‌".

نه‌جات نه‌جم ده‌ڵێت باشتر بوو، كه‌ بارهه‌ڵگره‌كان له‌ شه‌واندا و له‌ دواى كاتژمێر ١٠:٠٠ى شه‌و بۆ ٠٧:٠٠ى به‌یانى هاتوچۆ بكه‌ن، به‌مه‌به‌ستى كه‌مكردنه‌وه‌ى قه‌ره‌باڵغى سه‌ر شه‌قامه‌كان. به‌پێى توێژینه‌وه‌یه‌ك كه‌ ئه‌و ڕاهێنه‌ره‌ پێى گه‌یشتووه‌، زۆربه‌ى ئه‌وانه‌ى به‌ رووداوى هاتوچۆ گیان له‌ ده‌ستده‌ده‌ن سه‌رنشینانن، دواى ئه‌وان پیاده‌ دێت ئینجا شۆفێر، ئه‌مه‌ش بۆ كه‌مته‌رخه‌مى سه‌رنشینان و نه‌به‌ستنى قایشى سه‌لامه‌تى ده‌گێڕێته‌وه‌.

ئه‌و پێى وابوو له‌پێناو چاره‌سه‌رو كه‌مكردنه‌وه‌ى رووداوه‌ زۆره‌كان، پێویسته‌ له‌ پرۆگرامه‌كانى خوێندندا وانه‌ى تایبه‌ت به‌ ڕێنماییه‌كانى هاتوچۆ و یاساكانى هاتوچۆ بخوێندرێت، ئه‌و شۆفێرانه‌ى مۆڵه‌تى شۆفێرى نوێ ده‌كه‌نه‌وه‌ چه‌ندین ڕێنمایی تازه‌یان پێبدرێت، به‌ پێویستیشى ده‌زانێت كارمه‌ندانى هاتوچۆش ڕێنمایی و وانه‌ى زانستى بخوێنن، چونكه‌ به‌ بڕواى ئه‌و ئه‌و كارمه‌ندانه‌ شاره‌زاییه‌كى ئه‌وتۆیان نییه‌ و ته‌نها یاساكانى هاتوچۆ و سزا و غرامه‌ جێبه‌جێ ده‌كه‌ن.


رێگاوبانه‌كانى هه‌رێمى كوردستانیش زۆربه‌یان تێكچوون و حكومه‌تیش ده‌ستى له‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌یان هه‌ڵگرتووه‌ سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى پاره‌ى رێگاوبان له‌ شۆفێران وه‌رده‌گیرێت، كاروان محه‌مه‌د ئه‌ندازیارى ڕێگاوبان بۆ په‌یسه‌ر گوتى" ڕێگاكانى هه‌رێم چاڵ و چۆڵى زۆریان تێدایه‌ و وه‌ك چاڵى مه‌رگ وان، جگه‌ له‌مه‌ش به‌شى زۆریان یه‌ك ساید و ته‌سكن به‌تایبه‌ت ڕێگا خێراكان، ئه‌مه‌ش هۆكاریی ئه‌و ژماره‌ زۆره‌یه‌ له‌ ڕووداو و قوربانى هاتوچۆ".

به‌بڕواى ئه‌و ئه‌ندازیاره‌ پێویسته‌ ڕێگاكان لقى زۆریان لێبكرێـته‌وه‌ و ڕێگاى تازه‌ دروست بكرێت و بكرێن به‌ دوو ساید، ئه‌گه‌رنا به‌ ته‌نها فراوان بوونى ڕێگاكان نابنه‌ هۆى كه‌مكردنه‌وه‌ى ڕووداوه‌كانى هاتوچۆ.