04:20 - 20/02/2019
ئەمریكا چاودێری پەیوەندییەكانی یەكێتی و پارتی دەكات
یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، نیگەرانی هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانە بێ ئەو، پارتیش دەیەوێت نیگەرانییەكانی ئەو حیزبە بڕەنەوێنێتەوە، ئەمریكاش چاودێری پەیوەندییەكانی ئەو دوو حیزبە دەكات و پەیامێكیشی ئاڕاستە كردوون.
بەپێی زانیارییەكانی پەیسەرپرێس، ئەمریكا دوو پەیام بۆ یەكێتی و پارتی دەنێرێت باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد دوو پەیامی جیاوازی بۆ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان ناردووە.
بەپێی زانیارییەكان باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد لە پەیامەكەیدا بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەوەی بە بەرپرسانی ئەو حیزبە راگەیاندووە كە پێویستە نەرمی بنوێنن لەبەرامبەر داواكانی یەكێتی نیشتیمانی لەبارەی پۆستەكانی كابینەی نوێ، هەروەها ئەمریكا خەختیشی لە پەلەكردن لە پێكهێنانی حكومەت و دەستبەكاربوونی كابینەی نوێ كردووەتەوە.
هەرچی سەبارەت بەپەیامەكەی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدادە بۆ یەكێتی، زانیارییەكان ئاماژە بەوەدەكەن، لە پەیامەكەدا باڵیۆزخانەی ئەمریكا داوای لەو حیزبە كردووە كە خۆی بەدووربگرێت لە ئاڵۆزكردنی دۆخی هەرێم و راشیگەیاندووە نابێت هیچ لایەنێك بیر لە دوو ئیدارەی بكاتەوە.
نیگەرانییەكانی ئەمریكا لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، كە ململانێی پێكهێنانی كابینەی نوێ سەربكێشێت بۆ هێنانە كایەی دۆخێكی نەخوازاو كە خواستی ئەمریكای لەسەر نیەو بۆیە چاودێری وردی دۆخی پەیوەندییەكانی یەكێتی و پارتی دەكات و ئەو پەیامەشی لەو چوارچێوەدا سەرچاوەی گرتووە.