کوردستان

01:44 - 20/02/2019

یەكێتی داواكاریەكانی دەربارەی حكومەت دەگۆڕێت‌

پەیسەر

یەكێتی دەستبەرداری پۆستی سەرۆكی پەرلەمان دەبێت و داوای سەرۆكی هەرێم و جێگری سەرۆكی حكومەت دەكات.

بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە، یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە دواهەمین كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی بەزۆرینەی دەنگ دەستبەرداری پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بووە و لەبەرامبەردا داوای پۆستی سەرۆكی هەرێم و جێگری سەرۆكی حكومەت دەكات و ئەو دواواكاریەشی بەفەرمی ئاراستەی پارتی دیموكراتی كوردستان كردووە.

سەرچاوەیەكی پەیسەرپرێس دەڵێت، یەكێتی راشیگەیاندووە قوباد تاڵەبانی كاندیدی حزبەكەیانە بۆ سەرۆكی هەرێم و دەرباز كۆسرەت رەسوڵیش كاندیدی جێگری سەرۆكی حكومەتە.

ئه‌وه‌ له‌ كاتێكدایه‌ له‌تيف عومه‌ر، گوته‌بێژى يه‌كێتى نيشتمانى كوردستان، له‌ لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامه‌نوسان رایگه‌یاند: ئه‌مجاره‌ دوای هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی په‌رله‌مان، له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ده‌ستپێده‌كه‌ینه‌وه‌ بۆ دابه‌شكردنی پۆسته‌كان.

هه‌روه‌ها گوتیشی: بۆ دابه‌شكردنی پۆسته‌كانی یه‌كێتی قسه‌ و پلانی تازه‌ی ده‌بێت ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌ بێ یه‌كێتی هه‌ڵبژێردرا و ئێستا قۆناغێكی تازه‌ هاتوه‌ته‌ ئاراوه‌ و یه‌كێتی داواكاری نوێی ده‌بێت له‌سه‌ر پۆسته‌كان.

بەپێی زانیاریەكان یەكێتی دەیەوێت لەرێگەی داواكردنی پۆستی سەرۆكی هەرێمەوە كێشە بۆ باڵەكانی ناو پارتی دروست بكات بەوپێیەی نێچیرڤان بارزانی لەبەرامبەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی هەرێم دەستبەرداری سەرۆكی حكومەت بوو بۆ مەسرور بارزانی، هەروەها یەكێتی دەیەوێت تۆڵەی دوانەخستنی كۆبونەوەی 18ی مانگی پەرلەمانی كوردستان لە پارتی بكاتەوە.