کوردستان

11:38 - 20/02/2019

مەكتەبی سیاسی پارتی داواكاریەكانی یەكێتی تاوتوێ دەكات‌

پەیسەر

بڕیارە ئەمرۆ چوارشه‌ممه‌ مەكتەبی سیاسی پارتی كۆببێتەوە و داواكاریەكانی یەكێتی تاوتوێ بكات و دواتر پەیامێك ئاراستەی ئه‌و حیزبه‌ دەكات.

بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە بڕیارە ئەمرۆ مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بەسەرپەرشتی مەسعود بارزانی سەرۆكی ئەو حزبە كۆببێتەوە و تێیدا دوا هەنگاوەكانی پێكهێنانی كابینەی حكومەت تاوتوێ بكات.

پێشتر په‌یسه‌رپرێس ناوه‌ڕۆكی په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فوونی مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی جێگری سكرتێری گشتی یه‌كێتی بڵاوكردبوه‌وه‌ كه‌ تیایدا، كۆسره‌ت ره‌سوڵ نیگه‌رانییه‌كانی حیزبه‌كه‌ی گه‌یاندوه‌ته‌ مه‌سعود بارزانی و پێی راگه‌یاندووه‌، په‌له‌كراوه‌ له‌ دیاریكردن و هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان.هه‌ره‌وه‌ها كۆسره‌ت ره‌سوڵ، ئه‌وه‌شی به‌ بارزانی راگه‌یاندووه‌، ده‌بوو پارتی و گۆڕان داواكه‌ی یه‌كێتیان بۆ دواخستنی دانیشتنی په‌رله‌مان بۆ ماوه‌ی 24 كاتژمێر قبوڵ بكردایه‌. 

له‌باره‌ی نیگه‌رانییه‌كانی یه‌كێتی و كۆسره‌ت ره‌سوڵه‌وه‌، مه‌سعود بارزانی ئه‌وه‌ی راگه‌یاندبوو له‌ كۆبوونه‌وه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی وه‌ڵامی نیگه‌رانییه‌كانی یه‌كێتی ده‌درێته‌وه‌.

له‌باره‌ی ئه‌و كۆبوونه‌وه‌وه‌، سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ مه‌كته‌بی سیاسی پارتی به‌ په‌یسه‌رپرێسی راگه‌یاند، لەكۆبونەوەكەی ئه‌مڕۆی مه‌كته‌بی سیاسیدا، داواكاریەكانی یەكێتی گفتوگۆیان لەسەر دەكرێت و دوای كۆتایی هاتنی كۆبونەوەكەش پارتی پەیامێك بۆ یەكێتی دەنێرێت، بەڵام تا ئێستا دیارنیە پارتی داواكاریەكانی یەكێتی جێبەجێ دەكات یان نا.