کوردستان

11:23 - 20/02/2019

یه‌كێتی په‌یامێك ئاڕاسته‌ی پارتی و گۆڕان ده‌كات‌

پەیسەر

ئه‌مڕۆ یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستانی كوردستان، كۆبوونه‌وه‌یه‌كی به‌رفراوان له‌گه‌ڵ كادیر و به‌رپرسانی له‌ ته‌لاری هونه‌ری شاری سلێمانی ده‌كات، به‌پێی زانیارییه‌كانیش له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا پلانی یه‌كێتی بۆ ئاینده‌ راده‌گه‌یه‌نرێت و په‌یامێكیش ئاڕاسته‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و پارتی ده‌كرێت.

 به‌پێی زانیارییه‌كانی په‌یسه‌رپرێس، بڕیاروابوو ئه‌مڕۆ له‌جێی ئه‌و كۆبوونه‌وه‌ فراوانی گردبونه‌وه‌یه‌كی حیزبی له‌به‌رده‌م باره‌گای مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی به‌ڕێوه‌بچێت و تیایدا كادیرانی یه‌كێتی پشتیوانی خۆیان بۆ به‌رپرسانی حیزبه‌كه‌یان دووپاتبكه‌نه‌وه‌. به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی هه‌ندێك لایه‌نی سیاسی و ته‌نانه‌ت ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ ئه‌و گردبونه‌وه‌یه‌ نه‌بووه‌ و بۆ پاراستنی ره‌وشه‌كه‌، گردبونه‌وه‌كه‌ هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌ و گۆڕاوه‌ به‌ كۆبوونه‌وه‌ی فراوانی حیزبی.

 زانیارییه‌كان ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ده‌كه‌ن، له‌و كۆبوونه‌وه‌دا كه‌ به‌سه‌رپه‌رشتی كۆسره‌ت ره‌سوڵ ئه‌نجام ده‌درێت، بڕیاره‌كانی یه‌كێتی بۆ ئاینده‌ و چۆنێتی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ دۆخه‌كه‌ بۆ كادیرانی حیزبه‌كه‌یان رونبكه‌نه‌وه‌.

هه‌روه‌ها یه‌كێتی ده‌یه‌وێت له‌به‌رده‌م كادیرانی حیزبه‌كه‌یدا، په‌یامێك ئاڕاسته‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بكات، كه‌ رێكه‌وتنامه‌یان بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت واژوو كردووه‌.
به‌پێێ زانیارییه‌كان تائێستا هیچ گۆڕانكارییه‌ك له‌ داواكانی یه‌كێتی بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت گۆڕانكاری به‌سه‌ردا نه‌هاتووه‌ و له‌سه‌ر یه‌ك پاكێجبوونی پرسه‌كانی پكهێنانی حكومه‌ت و پارێزگاری كه‌ركوك و وه‌زاره‌تی داد سورن.

هه‌ر بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوانیان و ره‌وینه‌وه‌ی نیگه‌رانییه‌كانی یه‌كێتی وا بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ نێچیرڤان بارزانی جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بگاته‌ سلێمانی و كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای یه‌كێتی ئه‌نجام بدات.