کوردستان

04:19 - 19/02/2019

ناوه‌ڕۆكی په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فونییه‌كه‌ی مه‌سعود بارزانی و كۆسره‌ت ره‌سوڵ‌

پەیسەر

دوای ئه‌وه‌ی دوێنێ ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان بێ ئاماده‌بوونی فراكسیۆنی سه‌وز هه‌ڵبژێردرا، شه‌وی رابردوو مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پارتی و كۆسره‌ت ره‌سوڵ جێگری سكرتێری گشتی یه‌كێتی په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فونیان ئه‌نجامدا.

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی ده‌ست په‌یسه‌رپرێس كه‌وتوه‌، له‌ په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فونییه‌كه‌دا كۆسره‌ت ره‌سوڵ نیگه‌رانییه‌كانی حیزبه‌كه‌ی گه‌یاندوه‌ته‌ مه‌سعود بارزانی و پێی راگه‌یاندووه‌، په‌له‌كراوه‌ له‌ دیاریكردن و هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان.

هه‌ره‌وه‌ها كۆسره‌ت ره‌سوڵ، ئه‌وه‌شی به‌ بارزانی راگه‌یاندووه‌، ده‌بوو پارتی و گۆڕان داواكه‌ی یه‌كێتیان بۆ دواخستنی دانیشتنی په‌رله‌مان بۆ ماوه‌ی 24 كاتژمێر قبوڵ بكردایه‌. 

له‌باره‌ی نیگه‌رانییه‌كانی یه‌كێتی و كۆسره‌ت ره‌سوڵه‌وه‌، به‌پێی زانیارییه‌كان مه‌سعود بارزانی رایگه‌یاندوه‌، لەچەند رۆژی داهاتوودا سەركردایەتی پارتی كۆدەبێتەوە بۆ وەڵامدانەوەی داواكاریەكانی یەكێتی.

هەر دوای پەیوەندییە تەلەفونییەكەش، كۆسرەت رەسوڵ داوای لەئەندامانی سەركردایەتی حزبەكەی كردووە خۆیان بەدووربگرن لە لێدوان دەربارەی كۆبونەوەی پەرلەمان و رێككەوتنی پارتی و گۆڕان.