09:48 - 19/02/2019
رای زۆرینهی سهركردایهتی یهكێتی لهسهر رێكهوتنی گۆڕان و پارتی
یەكێتی نیشتمانی وەك ئەمری واقیع رێككەوتنی سیاسی پارتی دیموكراتو بزووتنەوەی گۆڕان دەبینێتو بەو هۆیەشەوە بەسیاسەتەكانی لەگەڵ پارتی دەچێتەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی دراوە بەپەیسەر پرێس، لەكۆبوونەوەی ئێوارەی رۆژی دوو شەممەی سەركردایەتی یەكێتی، باسی ئەو رێككەوتنە كراوە، كە لەنێوان پارتی دیموكراتو بزووتنەوەی گۆڕان بۆ پێكهێنانی حكومەتی هەرێم واژوویان كردووە.
هەر بەپێی زانیارییەكان رای زۆرینەی سەركردایەتی یەكێتی ئەوە بووە، كە رێككەوتنی گۆڕانو پارتیو هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان بووەتە ئەمری واقیعو ئەوانیش دەبێت لەمەولا مامەڵە لەگەڵ ئەو ئەمری واقیعە بكەن.
پارتیو گۆڕان رۆژی یەكشەممە رێككەوتنێكی سیاسی-یان واژووكرد، كە تایبەت بوو بەپێكهێنانی حكومەتو دوای واژووكردنی ئەو رێككەوتنەش پەرلەمانی كوردستان كۆبووەوەو دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵبژێرا.
یەكێتی بەهۆی نەگەیشتنە رێككەوتن لەگەڵ پارتی، بەشداری كۆبوونەوەكەی نەكرد، كە بەهۆی چەند كێشەیەكو ناكۆكیان لەپرسی هەڵبژاردنی پارێزگای كەركوكو كێشەكانی بەغدا نەگەیشتنە رێككەوتن.
زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، كە سەركردایەتی یەكێتی جەختیكردووەتەوە، ئەو سیاسەتەی لەگەڵ پارتی لەماوەی رابردوو لەسەری رۆشتوون، تا ئێرە بڕیكردووە، بۆیە دەبێت بەسیاسەتەكەیان بۆ ماڵەكردن لەگەڵ پارتی بچینەوە.
پەیسەرپرێس ئەوەشی زانیوە، لەبارەی پێداچوونەوەی سیاسەتی یەكێتی بەرانبەر پارتی، هیچ وردەكارییەك باس نەكراوەو بڕیارە لەچەند رۆژی داهاتوو لەو بارەوە بەرنامەیەكی نوێ دابڕێژن.