کوردستان

04:49 - 18/02/2019

یەكێتی كۆبونەوەكانی لەگەڵ پارتی هەڵپەسارد‌

پەیسەر

یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، كۆبونەوەكانی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان هەڵپەسارد و لێكتێگەیشتنەكەی نێوانیشیان، لەلایەن ئەنجومەنی سەركردایەتی ئه‌و حیزبه‌وه‌ رەتكرایەوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە، لەكۆبونەوەكەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی لێكتێگەیشتنی سەرلەبەیانی ئەمرۆی پارتی و یەكێتی خراوەتە دەنگدانەوە، بەڵام لەلایەن ئەنجومەنی سەركردایەتی بەزۆرینەی دەنگ رەتكراوەتەوە.

لێكتێگەیشتنەكەش بەو شێوەیە بووە كە پارتی رازی بووە پۆستی پارێزگاری كەركوك بۆ یەكێتی بێت، بەڵام ئەم پرسە بۆ دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان دوابخرێت و له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردن و متمانه‌دان به‌ كابینه‌ی نوێ پۆستی پارێزگاری كه‌ركوكیش بۆ یه‌كێتی یه‌كلا ده‌كرێته‌وه‌.

بەپێی زانیاریەكانی سەرچاوەكە لەكۆبونەوەكەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی لەبەرامبەر رازی نەبوونی پارتی بە دواخستنی كۆبونەوەی پەرلەمان بۆ ماوەی 24 كاتژمێر، یەكێتیش سەرجەم كۆبونەوەكانی لەگەڵ پارتی هەڵپەساردووە تا ئەو كاتەی پارتی بەمەرجەكانی یەكێتی رازی دەبێت و پاكێجی یەكێتی قبوڵ دەكات.

ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌شیدا بڕیاریداوه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی رێكه‌وتن له‌گه‌ڵ پارتی له‌ مه‌كته‌بی سیاسی بسه‌نێته‌وه‌ و به‌پێی زانیارییه‌كان ئامانج له‌و بڕیاره‌ش سووربوونی ئه‌و حیزبه‌ له‌سه‌ر پڕۆژه‌كه‌ی كه‌ تیایدا به‌ یه‌ك پاكێج سه‌یری پرسی پێكهێنانی حكومه‌ت و وه‌زاره‌تی داد و پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك گفتوگۆی له‌سه‌ر بكرێت.

بەپێی زانیاریەكانی سەرچاوەكە لەكۆبونەوەكەدا بەشێك لەئەندامانی سەركردایەتی دژی بەشداری نەكردنی فراكسیۆنی حزبەكەیان لەكۆبونەوەی پەرلەمان بوون، بەڵام بەهۆی ئەوەی ماڵی تاڵەبانی زۆرینەبوون و ئەوانیش پشتیوانی بەشداری نەكردنیان لەكۆبونەوەكە كردووە.