کوردستان

10:39 - 18/02/2019

دوایین زانیاری له‌باره‌ی گفتوگۆكانی یه‌كێتی و پارتی‌

پەیسەر

دوای ئه‌وه‌ی یه‌كێتی بڕیاریدا به‌شداری كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی په‌رله‌مانی كوردستان نه‌كات، به‌رپرسانی هه‌ردوو لا له‌ شه‌وی رابردوه‌وه به‌ به‌رده‌وامی له‌ په‌یوه‌ندیدابوون بۆ له‌یه‌ك نزیكبوونه‌وه‌ و به‌شداریكردنی فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان.

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی دراوه‌ به‌ په‌یسه‌رپرێس، شه‌وی رابردوو نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ حاكم قادر  و كۆسره‌ت ره‌سوڵ له‌ په‌یوه‌ندیدا بوو بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان به‌ڵام بێ ئه‌نجامبوو.

كێشه‌ی سه‌ره‌كی ئێستای نێوان یه‌كێتی و پارتی پرسی پارێزگاری كه‌ركوك و پرسی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێیه‌، یه‌كێتی ده‌یه‌وێت پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ نوسراو به‌ڵێنی ئه‌وه‌ به‌ یه‌كێتی بدات، كه‌ پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك بۆ یه‌كێتی ده‌بێت و بێ هیچ مه‌رجێك كاندیده‌كه‌ی یه‌كێتی له‌لایه‌ن پارتییه‌وه‌ ده‌نگی پێده‌درێت و ئاسته‌نگی بۆ دورست ناكرێت.

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی له‌ مه‌كته‌بی سیاسی پارتییه‌وه‌ ده‌ستی كه‌وتووه‌، له‌ په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فونییه‌كه‌ی ئه‌مشه‌ویدا له‌گه‌ڵ كۆسره‌ت ره‌سوڵ و حاكم قادر جێگری سه‌رۆكی پارتی نه‌رمی نواندووه‌ به‌وه‌ی كه‌ پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك بۆ یه‌كێتی ده‌بێت به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ی به‌یانی یه‌كێتی به‌شداری كۆبوونه‌وه‌كه‌ی په‌رله‌مان بكات.

نێچیرڤان بارزانی ئه‌وه‌ی به‌ یه‌كێتی راگه‌یاندووه‌ له‌ رۆژی ده‌ستبه‌كاربوونی كابینه‌ی نوێ ده‌نگ له‌سه‌ر پارێزگاری كه‌ركوكیش ده‌درێت، به‌ڵام یه‌كێتی داوای نوسین و ئیمزاكردنی رێكه‌وتنامه‌كه‌یان و به‌ڵێنی نوسراو له‌سه‌ر پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك ده‌كات.

نێچیرڤان بارزانی به‌ به‌رپرسانی یه‌كێتی راگه‌یاندووه‌، به‌شداری كۆبوونه‌وه‌ی سبه‌ینێی په‌رله‌مان بكه‌ن و ئه‌و داوایانه‌ی ئێوه‌ له‌ پاش هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان، جێبه‌جێ ده‌كرێت، به‌ڵام ئه‌مه‌ له‌لایه‌ن یه‌كێتییه‌كانه‌وه‌ ره‌تكراوه‌ته‌وه‌.

به‌پێی زانیارییه‌كان به‌یانی ئه‌مڕۆش جارێكی تر په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فونی له‌نێوان حاكم قادر و نێچیرڤان بارزانی بۆ به‌شداریكردنی فراكسیۆنی سه‌وز له‌ كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان ئه‌نجامدرا، به‌ڵام یه‌كێتی سووره‌ له‌سه‌ر به‌شدارینه‌كردنی له‌ دانیشتنه‌كه‌.