کوردستان

09:58 - 18/02/2019

پاشەكەوتی موچە نامێنێت‌

پەیسەر

بەپێی رێكەوتنی بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموكراتی كوردستان، لەماوەی 100 رۆژی دەستبەكاربوونی كابینەی نوێ‌ پاشەكەوتی موچە نامێنێت، ئەوەش یەكێكە لە خاڵەكانی رێكەوتنی نێوان ئەو دوو لایەنە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست پەیسەرپرێس كەوتوە، لەكاتی دەستبەكاربوونی كابینەی نوێ و لەماوەی 100 رۆژدا پڕۆژە یاسای چاكسازی تێدەپەڕێنرێت و لەو  ماوەیەشدا پاشەكەوتی موچە نامێنێت.
لە ساڵی 2016و بە پێشنیاری قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت و بە بڕیاری نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەت، پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەران ئەنجامدرا و ئەو بڕیارەش بارگرانییەكی زۆری بۆ هاوڵاتیانی هەرێم و موچەخۆرانی بەدواداهات.

هەر بە پێی زانیارییەكان و لە رێكەوتنەكەی نێوان پارتی و گۆڕاندا، ماوەی 150 رۆژ دیاریكراوە بۆ ئەوەی میكانیزمی دانەوەی پاشەكەوتی موچە پاشەكەتكراوەكان دابنرێت و بۆ موچەخۆرانی ئاشكرا بكرێت.

سەرچاوەكەیەكی ئاگادار لەو رێكەوتنە ئەوەی بۆ پەیسەرپرێس ئاشكراكرد، پارتی بەڵێنی بەگۆڕانداوە دەربارەی پرسی موچە بەڵام بزوتنەوەی گۆران رایگەیاندووە با ئەو بەڵێنە زارەكی نەبێت و بەشێك بێت لە رێككەوتنی دووقۆڵی هەردوولا و پارتیش پێشنیارەكەی قبوڵ كردووە.