کوردستان

03:31 - 17/02/2019

گۆڕان: رێكه‌وتنمان له‌گه‌ڵ پارتی له‌سه‌ر حیسابی هیچ لایه‌نێك نیه‌‌‌

پەیسەر

یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان، هه‌وڵی ئه‌وه‌یدابوو رێكه‌وتنی نێوان گۆڕان و پارتی پێش خۆیان له‌گه‌ڵ پارتی نه‌كرێت و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش داوای ئه‌نجامنه‌دانی كۆوبونه‌وه‌ی له‌ گۆڕان كردبوو، گۆرانیش یه‌كێتی دڵنیا كردوه‌ته‌وه‌ له‌وه‌ی رێكه‌وتنه‌كه‌ی له‌سه‌ر حسابی یه‌كێتی نابێت.

 
دوێنێ شه‌ممه‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و پارتی دیموكراتی كوردستان له‌سه‌ر دابه‌شكردنی پۆسته‌كان و كارنامه‌ی حكومه‌ت و چۆنێتی حكومڕانی چوار ساڵی داهاتووی هه‌رێم رێكه‌وتن، ئه‌وه‌ش یه‌كێتی نیگه‌ران كردووه‌.


به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی له‌به‌رده‌ستی په‌یسه‌رپرێسدایه‌، یه‌كێتی په‌یوه‌ندی به‌ به‌رپرسانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌وه‌ كردووه‌ و داوای ئه‌وه‌ی لێكردوون كۆبوونه‌وه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ پارتی دوابخه‌ن، به‌ڵام به‌رپرسانی گۆڕان ئه‌و داوایه‌ی یه‌كێتیان ره‌تكردووه‌ته‌وه‌.


به‌رپرسانی گۆڕان هه‌روه‌ها دڵنیایی ئه‌وه‌یان داوه‌ته‌ به‌رپرسانی یه‌كێتی كه‌ رێكه‌وتنیان له‌گه‌ڵ پارتی له‌سه‌ر حسابی هیچ  لایه‌نێك نابێت و هیچ پۆستێكیش كە یەكێتی بەمافی خۆی بزانێت وەرناگرن.


هه‌ر بەپێی زانیاریەكان لەكۆبونەوەكەدا گۆڕان رایگەیاندووە ئەوان پشتگیری بەشداری نەكردنی یەكێتی لەحكومەت ناكەن، چونكە پێیان وایە ئەو هەنگاوە هەرێم بەرەو ئاقاری دوو ئیدارەیی دەبات.