کوردستان

11:36 - 27/11/2018

پەیسەرپرێس زانیاری نوێ لەبارەی داهاتووی نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی بڵاودەكاتەوە‌

پەیسەر

مەسرور بارزانی پێی وایە حكومەتی هەرێمی كوردستان  بە رابەرایەتی نێچیرڤان بارزانی سەركەوتوو نەبووە لە كارەكانیدا و لە چوارچێوەیەشدا دەیەوێت لە كابینەی داهاتوو خۆی ببێتە سەرۆك وەزیران.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی تایبەتەوە كەوتووە، مەسرور بارزانی كوڕی مەسعود بارزانی داوای سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كردووە و رایگەیاندووە كابینەی پێشووی حكومەت، قەرزێكی 16 ملیار دۆلاری هێناوەتە سەر هەرێم و نەیتوانیووە قەیرانی دارایی تێپەڕ بكات.

هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە لەسەردەمی كابینەی پێشوو كە نێچیرڤان بارزانی رابەرایەتی كردووە، پێنج هەزار پرۆژە وەستاون و فەرمانبەرانی هەرێمیش بەشێك لە موچەكانیان تا ئێستاش پاشەكەوت دەكرێت، بۆیە نابێت سەرۆكایەتی كابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێم بە نێچیرڤان بارزانی بسپێردرێت.

پەیسەر پرێس زانیویەتی مەسرور بارزانی بەڵێنیداوە ئەگەر سەرۆكایەتی كابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێم وەربگرێت، ئەوە قەیرانی دارایی ناهێڵێت و غازی سروشتی هەرێم رەوانەی دەرەوە دەكات و لاپەرەیەكی نوێش لەگەڵ بەغداد و تاران و ئەنكەرە دەكاتەوە.

دوای قوڵبوونەوەی كێشەكانی نێوان مەسرور  بارزانی و نێچیرڤان بارزانی ژمارەیەك ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی پێشنیاری ئەوەیان بۆ نێچیرڤان بارزانی كردووە كە سەرۆكی هەرێم وەربگرێت، ئەویش دوای هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم، بەڵام تائێستا نێچیرڤان بارزانی پێشنیازەكەی قبوڵ نەكردووە.

 

لە كاتی سەردانی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ بەغدا مەسرور بارزانی یاوەری دەكرد مەسرور بارزانی جگە لە سەرۆكی حكومەت داوای پۆستی وەزارەتەكانی سامانەسروشتیەكان و ناوخۆی هەرێمیشی كردووە، ئاماژە بەوەش كردووە كە دەیەوێت پێداچوونەوە بەگرێبەستە نەوتی و غازیەكانی پێشووی هەرێمدا بكات.

رۆژی یەكشەممەش باڵی نێچیرڤان بارزانی بەفەرمی داوای كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسیان كردووە و رۆژی پێنج شەممەشیان دیاریكردووە، بەڵام تا ئێستا دیار نیە لەو رۆژەدا مەكتەبی سیاسی پارتی كۆدەبێتەوە یان نا.