کوردستان

09:17 - 17/02/2019

زانیارییەكان لەبارەی دوورخستنەوەی سەعدی پیرە لە پۆستەكەی‌

پەیسەر

سەعدی ئەحمەد پیرە، كە وتەبێژی فەرمی یەكێتی نیشتمانی بوو، دەستیلەكارنەكێشاوەتەوە، وەك ئەوەی راگەیەنراوە، بەڵكو سەركردایەتی لەپۆستەكەی دووریخستووەتەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەست پەیسەرپرێس كەوتووە، چەند هۆكارێكی جیاواز بوونەتە هۆی ئەوەی سەركردایەتی یەكێتی سەعدی ئەحمەد پیرە لەپۆستەكەی دووربخاتەوە.

هۆكارەكان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە سەركردایەتی یەكێتی نیگەران بوون لەو لێدوانەی سەعدی پیرە لەهەفتەی رابردوو لەسەر تەندروستی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد مەكتەبی سیاسی یەكێتی دای.
لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەی رۆژی هەینی رابردوو دوای كۆبوونەوەی شاندی پارتی دیموكرات‌و یەكێتی نیشتمانی سەعدی پیرە، رایگەیاندبوو بەشداری كۆبوونەوەی 18ی مانگی پەرلەمان دەكەین ئەوەش بەرپرسانی یەكێتی نیگەران كردووە.

بەپێی زانیارییەكانی بەردەستی پەیسەرپرێس، ئەو لێدوانەی وتەبێژەكەی یەكێتی سەركردایەتی نیگەران كردووەو بەو هۆیەشەوە لەكۆبوونەوەی رۆژی شەممە بەتەواوی بڕیاری دوورخستنەوەی سەعدی پیرەی داوە.

یەكێكی دیكە لەهۆكارەكانی دوورخستنەوەی سەعدی پیرە لە پۆستەكەی لێدوانێكییەتی لەسەر هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدی ئەندامی مەكتەبی سیاسی ئەو حیزبە.

بەپێی زانیارییەكان، هەفتەی رابردوو سەعدی ئەحمەد پیرە، لەمیانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی، دوای ئەوەی پرسیاری لەبارەی هۆكاری بەشدارینەكردنی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لەكۆبوونەوەكانی مەكتەبی سیاسی لێكرا وتی: تەندروستی هێرۆخان باش نییە، بۆیە بەشداری كۆبوونەوەكان ناكات.

ئەو لێدوانەش بووەتە هۆی نیگەرانی بنەماڵەی تاڵەبانی تویتەكەی قوباد تاڵەبانی، لەبارەی سەعدی پیرە دای لەچوارچێوەی نیگەرانییەكانی بنەماڵەكەی بووەو نیگەرانییەكانیش گەیەنراوە بەسەركردایەتی.

دوای كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەی سەعدی پیرە، قوباد تاڵەبانی لەتویتێك لەئەژماری تایبەتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نووسی: "كۆنگرەی ڕۆژنامەوانی ماوریسیۆ ساری راهێنەری چێڵسی هاوشێوەی كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكانی كاك سەعدی وتەبێژی یەكێتی سەرنجڕاكێش دەبێت، بمبوورە كاك سەعدی خۆشمدەوێی، بەڵام نەمتوانی ئەوە نەڵێم".