کوردستان

03:40 - 16/02/2019

پەیسەر ناوەرۆكی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی ئاشكرا دەكات‌

پەیسەر

یەكێتی بەشداری كۆبونەوەكەی 18ی مانگی پەرلەمانی كوردستان ناكات و هۆشداریش دەداتە پارتی ...

 بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە لەكۆبونەوەكەی ئەمرۆی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیدا بڕیاردراوە كە ئەگەر تا رۆژی یەك شەممە پارتی پرسی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم و وەزیری دادی حكومەتی فیدراڵی و پارێزگاری كەركوك لەگەڵ یەكێتی یەكلایی نەكاتەوە و رێككەوتنی دووقۆڵی بۆ چوارساڵی حوكمرانی واژۆ نەكرێت، ئەوە فراكسیۆنی یەكێتی بەشداری كۆبونەوەی رۆژی دووشەممەی پەرلەمانی كوردستان ناكات.

سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس دەڵێت یەكێتی هۆشداری داوە لە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بەبێ بەشداری یەكێتی و ئەنجومەنی سەركردایەتی رایگەیاندووە ئەگەر پارتی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و حكومەت بەبێ بەشداری یەكێتی هەڵبژێرێت و كار بۆ كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم بكات، ئەوەی یەكێتی بەهیچ شێوەیەك بەشداری حكومەت ناكات.

هەر لەكۆبونەوەكەی ئەمرۆدا بڕیاردرا بەدەركردنی نەجمەدین كەریم ئەندامی مەكتەبی سیاسی و پارێزگاری پێشووی كەركوك و مافی ئەوەشی نیە بەشداری كۆنگرەی داهاتوو بكات.

هەروەها دەستلەكاركێشانەوەی سەعدی ئەحمەدپیرە وتەبێژی یەكێتی پەسەندكرا و لەجێگەی ئەو لەتیف شێخ عومەر وەك وتەبێژی نوێی یەكێـتی لەلایەن ئەنجومەنی سەركردایەتیەوە دەستنیشان كرا.