کوردستان

01:51 - 16/02/2019

لەسەر رێكەوتنی (پارتی و گۆڕان) یەكیتی داوای گرەنتی دەكات‌

پەیسەر

لەدوایین كۆبوونەوەیاندا، یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، لەسەر كێشەكانی نێوان گەیشتونەتە رێكەوتنێكی سەرەتایی.

بەپێی زانیارییەكانی بەردەستی پەیسەرپرێس، رێككەوتنەكەی یەكێتی و پارتی، پرسی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم و كەركوك و پۆستەكانی كورد لە بەغداد دەگرێتەوە.

بەپێی زانیارییەكان، یەكێتی لە رەشنوسی رێككەوتنەكەیدا داوایكردووە بەشداری راستەقینەی حوكمرانی بێت و داوای ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی كردووە.

لەبەرامبەردا پارتیش داوایكردووە پرسی وەزیری دادی حكومەتی فیدراڵی لەكۆبونەوەی هاوبەشی مەسعود بارزانی و كۆسرەت رەسوڵ یەكلایی بكرێتەوە، بەڵام مەرجی یەكێتی ئەوەبووە، پارتی دان بەوەدا بنێت كە ئەو پۆستە پشكی یەكێتی.

لەبارەی رێكەوتنی گۆڕان و پارتیش یەكێتی داوایەكی ئاڕاستەی پارتی كردووە و پێی راگەیاندوون، كە ئەوان پێیان باشە رێكەوتنی حیزبەیان لەگەڵ پارتی جیاواز بێت لە رێكەوتنی گۆڕان لەگەڵ پارتی و پارتیش بەو داوە رازی بووە.

یەكێتی ئەو مەرجەی داوەتە پارتیش، كە دەبێت رێكەوتنی پارتی لەگەڵ گۆڕان هیچ بەندێكی دژ رێكەوتنە نوێكەی خۆیان و پارتی تێدا نەبێت و  لیژنەیەكیش بۆ نوسینەوەی دابنرێت.