کوردستان

11:56 - 16/02/2019

یه‌كێتى راى جیاوازى هه‌یه‌ له‌سه‌ر شێوازى ده‌نگدانى سه‌ركردایه‌تى به‌ كاندیده‌كان‌

پەیسەر

دواى ئه‌وه‌ى یه‌كێتى نه‌یتوانى له‌سه‌ر كاندیده‌كانى بۆ پۆستى جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت و سه‌رۆكى په‌رله‌مان، بگاته‌ رێككه‌وتن بڕیاره‌ ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى ئه‌و حزبه‌ ده‌نگ له‌سه‌ر كاندیده‌كان بدات، به‌ڵام له‌سه‌ر شێوازى ده‌نگدانه‌كه‌ ناكۆكى هه‌یه‌.

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌ دوای ئه‌وه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نه‌یتوانی كاندیدی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت و سه‌رۆكی په‌رله‌مان دیاریبكات، ماڵی تاڵه‌بانی و كۆسره‌ت ره‌سوڵ رێككه‌وتوون كه‌ له‌كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی و به‌ده‌نگدان ئه‌و پۆستانه‌ یه‌كلایی بكرێنه‌وه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ ده‌ڵێت كۆسره‌ت ره‌سوڵ پێی باش بووه‌، به‌ رێككه‌وتنی هه‌ردوو باڵه‌كه‌ ئه‌و كاندیدانه‌ دیاریبكرێن به‌ڵام ماڵی تاڵه‌بانی پێداگرییان له‌سه‌ر ئه‌وه‌كردووه‌ كه‌ هه‌ردوو پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان و جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تیان ده‌وێت.

سه‌رچاوه‌كه‌ ده‌ڵێت باڵی كۆسره‌ت ره‌سوڵ پێیان باشه‌ ده‌نگدانی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی به‌نهێنی بێت و ماڵی تاڵه‌بانیش پێیان باشه‌ به‌ده‌نگدانی ئاشكرا بێت.

به‌پێى ئه‌نجامى دانوستانه‌كان بێت تا ئێستا هه‌ریه‌كه‌ له‌ پۆسته‌كانى سه‌رۆكى په‌رله‌مان و جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت بۆ یه‌كێتى یه‌كلابووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و حزبه‌ تا ئێستا كاندیده‌كانى یه‌كلایى نەکردووەتەوە.