کوردستان

06:11 - 15/02/2019

چەند زانیارییەكی بڵاونەكراوە لەبارەی كۆبوونەوەی گۆڕان و پارتی‌

پەیسەر

دوێنێ‌ بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموكراتی كوردستان، لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نوێوە كۆبوونەوەیەكی دیكەیان ئەنجامدا، لەكۆبوونەوەكەدا بزوتنەوەی گۆڕان پاشەكشەی لە پۆستی جێگری سەرۆك وەزیران كرد  و لەبەرامبەردا وەزارەتێك بۆ گۆڕان زیاد كرا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی لەسەرچاوەیەكە ئاگادارەوە بە پەیسەرپرێس دراوە، لە كۆبوونەوەكەیاندا بزوتنەوەی گۆڕان، لەسەر داوای پارتی ئامادەیی دەربڕیووە بۆ ئەوەی دەستبەرداری پۆستی جیگری سەرۆكی حكومەت بێت بۆ یەكێتی.

هەر زانیارییەكان، لەبەرامبەر دەستبەرداربوونی لەو پۆستە،پارتی دیموكراتی كوردستان وەزارتێكی سیادی و بریكارێكی زیاتر دەداتە بزوتنەوەی گۆڕان لەكابینەی نوێ.

سەرچاوەكە ئەوەشی بە پەیسەرپرێس گوت: لە كۆبوونەوەكەدا بزوتنەوەی گۆڕان پێداگری لەسەر جێبەجێكردنی كارنامەی حكومەت كردووە و راشیگەیاندووە، رێگە نادەن دەستكاری ئەو رێككەوتن و لێكتێگەیشتنە بكرێت كە لەنێوان پارتی و گۆران دەربارەی حكومەت دروست بووە.

بەپێی زانیاریەكانی پارتی رایگەیاندووە، لەنوێنەرایەتی دەرەوەی حكومەتی هەرێم و ئەنجومەنی ئاسایش و وەزارەتی ناوخۆ پۆستی شایستە بەگۆڕان دەدەن، هەروەها جێگری سەرۆكی هەرێم بەژمارەیەك دەسەڵاتەوە دەداتە گۆران، سەبارەت بە وەڵامی گۆڕان سەرچاوەكە دەڵێت بە پێشنیارەكانی پارتی رازی بووە.

هەروەها دەڵێت، لە كۆبونەوەكەدا پارتی گۆڕانی دڵنیاكردۆتەوە كوە هیچ رێككەوتنێكی ژێربەژێریان لەگەڵ یەكێتی نیە و هەر رێككەوتنێكیش هەبێت دەیخەنە بەردەم گۆڕان.