کوردستان

05:37 - 15/02/2019

پارتی لەنێوان رێواس فایەق و بێگەرد تاڵەبانی یەكلا بوەوە‌

پەیسەر

پارتی دیموكراتی كوردستان پشتگیری بێگەرد تاڵەبانی، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی دەكات بۆ ئەوەی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەربگرێت.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادار دەست پەیسەرپرێس كەوتووە، پارتی دیموكرات لەمیانی كۆبوونەوەكانی لەگەڵ شاندی یەكێتی نیشتمانی رایانگەیاندووە، كە ئەوان لەگەڵ ئەوەن حیزبەكە بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بێگەرد تاڵەبانی كاندید بكات.

هەر بەپێی زانیارییەكان، لەمیانی كۆبوونەوەكانی دوو رۆژی رابردووی فراكسیۆنی پارتی دیموكرات لەگەڵ فراكسیۆنەكانی تری پەرلەمان، بۆ ئامادەكاری كۆبوونەوەی 18ی ئەم مانگە، هێمن هەورامی سەرۆكی فراكسیۆنەكە بەراشكاوی بەفراكسیۆنەكانی راگەیاندووە، ئەوان پشتگیری بێگەرد تاڵەبانی دەكەن بۆ ئەوەی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەربگرێت.

بەپێی بەركەوتەی هەڵبژاردن، یەكێتی نیشتمانی، كە خاوەنی 21 كورسییە پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی بۆ یەكلابووەتەوەو لەناوخۆی یەكێتیش دوو كەس ركابەری وەرگرتنی پۆستەكە دەكەن، كە ئەوانیش بریتین لە رێواز فایەق‌و بێگەرد تاڵەبانی.

پەیسەرپرێس ئەوەشی زانیوە، ماوەی رابردوو بێگەرد تاڵەبانی بەنهێنی لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی كۆبوونەوەی كردووە، كە جەعفەر ئیمینكی جێگری پێشووی سەرۆكی پەرلەمان كۆبوونەوەكەی بۆ رێكخستووە، كۆبوونەوەكەش بۆ ئەوە بووە، پشتگیری بارزانی بۆ وەرگرتنی پۆستەكە مسۆگەر بكات.

لەناوخۆی یەكێتی‌و لەمەكتەبی سیاسی‌و ئەنجوومەنی سەركردایەتی زۆرینە لەگەڵ ئەوەن رێواز فایەق پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەربگرێت، كە لەلایەن باڵی كۆسرەت رەسوڵ پشتگیری دەكرێت.

زانیارییەكان باس لەوە دەكەن، كە پێشتر كۆسرەت رەسوڵ جێگری سكرتێری یەكێتی پێشنیازی ئەوەی كردبوو، هەریەكە لەبێگەرد تاڵەبانی‌و رێواز فایەق بكرێنە كاندیدی یەكێتی‌و لەپەرلەمان كامیان دەنگی زۆرینەیان هێنا، ئەوە پۆستەكە وەربگرێت، بەڵام بەهۆی پشتگیرییەكەی پارتی ئێستا لەو پێشنیازە پاشگەزبووەتەوەو دەیەوێت ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی بەدەنگدان ئەو پرسە یەكلابكاتەوە.