12:01 - 15/02/2019
یەكێتی پێشنیازێكی نوێ بۆ دابەشكردنی سێ پۆستەكەی سەرۆكایەتییەكانی هەرێم دەخاتەڕوو
یەكێتی نیشتمانی پێشنیازێكی نوێی بۆ دابەشكردنی سێ پۆستەكەی سەرۆكایەتییەكانی هەرێمی كوردستان خستووەتەڕوو، كە راستەوخۆ لەلایەن بزووتنەوەی گۆڕانەوە رەتكراوەتەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگاداری ناو بزووتنەوەی گۆڕان دراوە بەپەیسەرپرێس، لەدوو رۆژی رابردوو یەكێتی بۆ دابەشكردنی سێ پۆستەكەی سەرۆكایەتییەكان پێشنیازی ئەوەی كردووە، كە پۆستی سەرۆكی حكومەت وەك براوەی یەكەم بۆ پارتی دیموكرات بێتو پۆستی سەرۆكی هەرێمیش وەك براوەی دووەم بۆ یەكێتی بێتو پۆستی سەرۆكی پەرلەمانیش بۆ بزووتنەوەی گۆڕان بێت.
هەر بەپێی زانیارییەكان، یەكێتی وەك راوێژ ئەو پێشنیازەی خستووەتە بەردەم چەند بەرپرسێكی بزووتنەوەی گۆڕانەوە، بەڵام راستەوخۆ رەتكراوەتەوەو رەنگە پێشنیازەكە بخاتە بەردەم پارتی دیموكراتیش.
بەیسەرپرێس ئەوەشی زانیوە، یەكێتی بۆ دەربازبوون لەقەیرانی یەكلانەبوونەوەی كاندیدەكەی بۆ سەرۆكی پەرلەمان ئەو پێشنیازەی خستووەتەڕوو، چونكە لەناو یەكێتی دوو كەس ركابەری وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان دەكەنو بەو هۆیەشەوە كێشە لەناوخۆی ئەو حیزبە دروست بووە.
لەبارەی هۆكاری رەتكردنەوەی گۆڕان بۆ پێشنیازەكەی یەكێتی، سەرچاوەكە ئاشكرایكرد، كە گۆڕان دوو بیانووی هەبووە بۆ رەتكردنەوەكە، یەكێكیان ئەوە بووە، نایەوێت ئەزموونی كابینەی رابردوو لەوەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان دووبارە بكاتەوەو هۆكاری دووەمیش ئەوە بووە، كە پێشنیازەكەی یەكێتی نا واقیعی بووەو پارتی قبووڵی ناكات.
ئەمە لەكاتێكدایە، پارتی پێشتر رایگەیاندووە، بەو پێیەی براوەی یەكەمی هەڵبژاردنە مافی خۆیەتی پۆستی سەرۆكی هەرێمو سەرۆكی حكومەت وەربگرێت، بۆ ئەوەش كاندیدەكانی بەفەرمی راگەیاندووە، كە مەسرور بارزانیو نێچیرڤان بارزانین.