کوردستان

10:56 - 27/11/2018

ئاسایشی دەیەوێت بارەگای تەڤگەری ئازادی دابخات‌

پەیسەر

ئاسایشی سلێمانی هێزی رەوانەی  بەردەم بارەگای تەڤگەری  ئازادی كردووە و داوایان لێدەكات بارەگاكە چۆڵ بكەن بۆ ئەوەی دابخرێت.

 حاجی ئازاد هاوسەرۆكی تەڤگەری ئازادی لە پارێزگای سلێمانی هەواڵەكەی بۆ پەیسەرپرێس پشتراستكردەوە و رایگەیاند: ئەم هەنگاوەی حكومەتی هەرێم خزمەت بە باشوری كوردستان ناكات.

حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا ئەو رێكخراوانەی مۆڵەتیان نیە، دایانبخات، پێشتر پەیسەرپرێس ( لە راپۆرتێكدا  )ئەوەی رونكردەوە كە ئامانج لەم بڕیارە داخستنی بارەگاكانی تەڤگەری ئازادی نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستانە و بڕیارەكەش لە رێگەی قوباد تاڵەبانییەوە، دەرچووە و جێبەجێ دەكرێت.

 لەبارەی داخستنی بارەگاكانییانەوە، هاوسەرۆكی تەڤگەری ئازادی لە پارێزگای سلێمانی گوتی: بەپێی یاسای پارتەكان كە لەپەرلەمانی كوردستان هەر حزبێك داوای مۆڵەت بكات و لەماوەی دوو مانگدا وەڵامی نەدرێتەوە بە مۆڵەت پێدراوە ئەژمار دەكرێت.

هەروەها دەڵێت: ئەوان لە ساڵی 2014 وە، داوای مۆڵەتیان بۆ پارتەكەیان كردووە بەڵام وەڵام نەدراونەتەوە، بەوەش لەرووی یاساییەوە تەڤگەری ئازادی بە مۆڵەت پێدراو ئەژمار دەكرێت.

هاوسەرۆكی تەڤگەری ئازادی ئاماژەی بەوەشدا، كە بڕیاری داخستنی  بارەگاكانی تەڤگەر لە ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە دراوە، بەڵام ئەو بڕیارە بە نایاسایی لە قەڵەم دەدەن و دژی دەوەستنەوە.