کوردستان

12:32 - 14/02/2019

به‌رهه‌م ساڵح داوایه‌ك ئاڕاسته‌ى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى ده‌كات‌

پەیسەر

به‌رهه‌م ساڵح جێگرى دووه‌مى سكرتێرى گشتى یه‌كێتى له‌ كۆبوونه‌وه‌ى رۆژى چوارشه‌ممه‌ى مه‌كته‌بى سیاسى ئه‌و حزبه‌، په‌یامێكى گه‌یاندووه‌ته‌ مه‌كته‌بى سیاسى و داوایكردووه‌ واده‌ى كۆنگره‌ى یه‌كێتى دیاریبكرێت.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر به‌رهه‌م ساڵح له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ به‌ ئه‌ندامانى مه‌كته‌بى سیاسى گوتووه‌، ئه‌و بۆ یه‌ك شت هاتووه‌ بۆ كۆبوونه‌وه‌كه‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بزانێت كه‌ى كاتى كۆنگره‌ى یه‌كێتى دیاریده‌كرێت.

به‌رهه‌م ساڵح رایگه‌یاندووه‌، پێویسته‌ كاتى كۆنگره‌ دیاریبكرێت و ئه‌وه‌ش داواكارى كه‌سیى خۆى نییه‌، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسى پێشتر ئه‌و بابه‌ته‌یان باسكردووه‌، به‌راوێژ له‌گه‌ڵ ئه‌وان ئه‌و داواكارییه‌ ده‌كات.

هه‌ربه‌پێى زانیارییه‌كانى له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسى ئه‌وانه‌ى كه‌ خۆیان به‌ بێلایه‌ن ده‌زانن له‌ كێشه‌كانى نێوان باڵى كۆسره‌ت ره‌سوڵ و ماڵى تاڵه‌بانى پشتیوانى ئه‌و داواكارییه‌یان كردووه‌.

به‌رهه‌م ساڵح پێشتر پڕۆژه‌یه‌كى بۆ رێكخستنه‌وه‌ى ناوخۆى یه‌كێتى و په‌یوه‌ندییه‌كانى ئه‌و حزبه‌ له‌گه‌ڵ پارتى و گۆڕان دابووه‌ مه‌كته‌بى سیاسى حزبه‌كه‌ى و پرۆژه‌كه‌ى په‌سه‌ند كرابوو، چاوى له‌وه‌یه‌ پێگه‌ى خۆى له‌ناو یه‌كێتى قایم بكاته‌وه‌ كه‌ به‌هۆى چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ى له‌ حزبه‌كه‌ى و گه‌ڕانه‌وه‌ى بۆ وه‌رگرتنى پۆستى سه‌رۆك كۆمار له‌ناو یه‌كێتى پێگه‌ى وه‌ك جاران نه‌ماوه‌، ئێستا له‌ناو ململانێكانى یه‌كێتى خۆى له‌سه‌ر باڵێكى دیاریكراو ساغ ناكاته‌وه‌و ده‌یه‌وێت وه‌ك نێوه‌ندگیرى باڵه‌كان خۆى پیشان بدات.

به‌رهه‌م ساڵح له‌ مانگى ئه‌یلولى ساڵى رابردوو پۆستى سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى دیموكراسى و دادپه‌روه‌رى جێهێشت و گه‌ڕایه‌وه‌ ناو یه‌كێتى و چه‌ند رۆژێك دواتر بووه‌ سه‌رۆك كۆمارى عێراق.