کوردستان

10:36 - 14/02/2019

مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ى كاندیده‌كانى بڕیارێكى نوێى ده‌ركرد‌

پەیسەر

دواى ئه‌وه‌ى یه‌كێتى له‌ كۆبوونه‌وه‌ى مه‌كته‌بى سیاسى نه‌یتوانى كاندیده‌كانى بۆ پۆستى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان و جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت یه‌كلایى بكاته‌وه‌، بڕیاریدا له‌ سه‌ركردایه‌تى حزبه‌كه‌ به‌ ده‌نگدان یه‌كلایى بكاته‌وه‌، پێنج كاندیدیان بۆ هه‌ردوو پۆسته‌كه‌ هه‌یه‌.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌رپرێس له‌ كۆبوونه‌وه‌ى رۆژى چوارشه‌ممه‌ى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى، بڕیاردراوه‌ لە سه‌ركردایه‌تى حزبه‌كه‌ كاندیده‌كانى پۆستى جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت و سه‌رۆكى په‌رله‌مان یه‌كلایى بكرێنه‌وه‌.

زانیارییه‌كان ئاماژه‌ى به‌وه‌ده‌كه‌ن، هه‌ریه‌كه‌ له‌ حاكم قادر، ده‌رباز كۆسره‌ت ره‌سوڵ، قوباد تاڵه‌بانى كاندیدن بۆ پۆستى جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت و به‌ ده‌نگدانى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێكیان هه‌ڵده‌بژێردرێت، هه‌روه‌ها هه‌ریه‌كه‌ رێواس فایه‌ق و بێگه‌رد تاڵه‌بانى له‌ سه‌ركردایه‌تى ده‌خرێنه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى یه‌كێكیان ببێته‌ كاندیدى حزبه‌كه‌ بۆ پۆستى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان.

بڕیاره‌ رۆژى دووشه‌ممه‌ى ئاینده‌ په‌رله‌مانى كوردستان بۆ هه‌ڵبژاردنى ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى كۆببێته‌وه‌ تا ئێستا یه‌كێتى كاندیده‌كه‌ى پێشكه‌شنه‌كردووه‌، بۆ پۆستى سه‌رۆكى په‌رله‌مان كه‌ به‌ركه‌وته‌ى ئه‌و حزبه‌یه‌.

به‌پێى زانیارییه‌كان پارتى ئه‌و په‌یامه‌ى به‌ یه‌كێتى گه‌یاندووه‌، تا ١٨ى مانگ چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ن و پێویسته‌ تا رۆژى دووشه‌ممه‌ یه‌كێتى كاندیده‌كه‌ى بۆ پۆستى سه‌رۆكى په‌رله‌مان یه‌كلایى بكاته‌وه‌.