12:15 - 13/02/2019
پارتی سوورە لەسەر بەرێوەچوونی كۆبوونەوەی پەرلەمان
پارتی دیموكرات سوورە لەسەر بەرێوەچوونی كۆبوونەوەی پەرلەمان لەو وادەیەی دیاریكراوەو رەنگە بێ یەكێتی نیشتمانیش دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵبژێرێت.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادار دراوەته پەیسەرپرێس، گەڕە نوێیەكەی پارتی بۆ كۆبوونەوەو گفتوگۆی لەگەڵ لایەنەكان، بۆ ئەوە بووە، كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان لە هەژدەی ئەم مانگە بەرێوەبچێت.
هەر بەپێی زانیارییەكان، پارتی لەو كۆبوونەوەو گفتوگۆكانی لەگەڵ لایەنەكان، سووربوونی خۆی دووپاتكردووەتەوە بەئەنجامدانی كۆبوونەوە لەو رۆژەی دیاریكراوەو داواشی لەلایەنەكان كردووە، بەشداری كۆبوونەوەكە بكەن.
پێنجی ئەم مانگە پارتیو یەكێتی لەسەر ئەوە رێككەوتن، كە 18ی ئەم مانگە كۆبوونەوەی پەرلەمان بەرێوەبچێت، بەو مەرجەی لەهەمان رۆژ كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك بەرێوەبچێت.
زانیارییەكان باس لەوە دەكەن، كە پارتی ئێستا لەبەرێوەچوونی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك پاشەكشەی كردووەو بەو هۆیەشەوە یەكێتی نایەوێت كۆبوونەوەی پەرلەمان لەو وادەیەی دیاریكراوە بەرێوەبچێت، بەڵام پارتی ئەمەیان رەتدەكاتەوە.
پەیسەرپرێس ئەوەشی زانیوە، لەدوو رۆژی رابردوو فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی كوردستان دەستی بەئامادەكاری بۆ كۆبوونەوەی پەرلەمان لە 18ی ئەم مانگە كردووەو گفتوگۆی لەگەڵ فراكسیۆنەكان كردووە، بۆ ئەوەی بەشداری لەكۆبوونەوەكە بكەنو تاڕادەیەكیش گرەنتی زۆربەی لایەنەكانی بۆ بەشداری وەرگرتووە جگە لەیەكێتی.
هەروەها دواین هەوڵی پارتی ئەوە دەبێت لەچەند رۆژی داهاتوو لایەنەكان بەوە رازی بكات، ئەگەر یەكێتی نەهاتە پێشەوە بۆ كۆبوونەوەی پەرلەمان، كۆبوونەوەكە بەرێوەبچێتو تێدا بەبێ یەكێتی دەستەی سەرۆكایەتی هەڵبژێرێتو دواتر پەرلەمان دەست بەهەوڵەكانی بكات بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ.