کوردستان

09:04 - 13/02/2019

هەوڵێكی كۆبوونەوەی سێ‌ قۆڵی شكستی هێنا‌

پەیسەر

جارێكی تر سێ‌ حیزبی سەرەكی براوەی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان، نەیانتوانی لەسەر یەك مێز كۆببنەوە و دوایین هەوڵیش بۆ كۆبوونەوە شكستی هێنا.

لەدوای ئەوەی حیزبە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان زیاتر لە 15 كۆبوونەوەیان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ‌ ئەنجامدا و تائێستا ئەو كابینەیە پێكنەهاتووە، بۆ لەیەك نزیكبوونەوەی سێ‌ لایەنی سەرەكی براوەش كۆبوونەوەی سێ‌ قۆڵی لەنێوان گۆڕان و پارتی و یەكێتی گفتوگۆی لەسەركرا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی لەبەردەستی پەیسەرپرێسدایە، لە چەند رۆژی رابردوودا پارتی دیموكراتی كوردستان هەوڵێكی نوێ بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوە دا، بەڵام بەهۆی شوێنی كۆبوونەوەكەوە نەتوانرا سێ‌ حیزبەكە لەسەر یەك مێز كۆببنەوە.

زانیارییەكان ئاماژە بەوەدەكەن، بۆ ئەو كۆبوونەوەیە، یەكێتی پێداگری كردووە كە هاوشێوەی كۆبونەوەی پێشووی یەكێتی و پارتی دەبێت كۆبونەوەی سێ قۆڵی لەماڵی كۆسرەت رەسوڵ لەهەولێر بەرێوەبچێت، بەڵام ئەم پێشنیارە لەلایەن بزوتنەوەی گۆڕانەوە رەتكراوەتەوە.

بەپێی زانیارییەكان، بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاندووە مادام كۆبونەوەكە لەسەر كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمە ئەوە باشترین شوێنە باڵەخانەی ئەنجومەنی وەزیرانە یان هەر باڵەخانەیەكی تری حكومی.

رۆژی 30ی ئەیلولی 2018 هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەچوو، تیایدا پارتی بە 45 كورسی بووە براوەی یەكەمی ئەو هەڵبژاردنەوە و یەكێتی بە   21 كورسی و بزوتنەوەی گۆڕانیش بە 12 كورسی بوونە براوەی دووەم و سێییەم.