کوردستان

11:10 - 12/02/2019

كێ ده‌بێته‌ جێگری دووه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مان؟‌

پەیسەر

پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ پۆستی جێگری دووه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مان داوای كاندیدێكی له‌ توركمانه‌كان كردووه‌، به‌ڵام به‌هۆی بوونی دوو كاندید گرفت بۆ ئه‌و پۆسته‌ دروستبووه‌ و پێشنیاری هه‌ڵبژاردنی كاندیدێكیش له‌ ناو په‌رله‌مان له‌لایه‌ن پارتییه‌وه‌ ره‌تكراوه‌ته‌وه‌.

بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە، پارتی دیموكراتی كوردستان توركمانەكانی ئاگاداركردۆتەوە كە كاندیدێك بۆ جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان دیاری بكه‌ن.

بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش هەریەك لە ئایدن مەعروف لە بەرەی توركمانی و مونا قەهوەچی لەلیستی چاكسازی توركمان خۆیان كاندید كردووە، و هیچ كام لەو كاندیدانەش ئامادەنەبوون بكشێنەوە.

سەرچاوەكە دەڵێت، وەفدی پارتی تێبینیان لەسەر مونا قەهوەچی هەبووە و رایانگەیاندووە یەكێتی ئافرەتێك بۆ سەرۆكی پەرلەمان كاندید دەكات ئەگەر موناقاهوەچیش بكرێتە جێگری سەرۆكی پەرلەمان ئەوە دوو ئافرەت لەدەستەی سەرۆكایەتی پەرلەماندادەبن ئەوەش پێویست نیە.

بەپێی زانیاریەكانی سەرچاوەكە پارتی داوای لەتوركمانەكان كردووە تا ئێوارەی رۆژی 17ی مانگ لەسەر كاندیدێك رێكبكەون، بەڵام دوای ئەوەی توركمانەكان لەسەر پۆستەكە رێك نەكەوتوون پارتی چاكسازی توركمانی پێشنیاری ئەوەی كردووە كە هەردوو كاندیدەكە رەوانەی پەرلەمان بكرێن و بەدەنگی پەرلەمانتاران یەكێكیان یەكلایی بكرێتەوە و پۆستەكە وەربگرێت، بەڵام پارتی پشتیوانی ئەو پێشنیارەی نەكردووە و رایگەیاندووە دەست بەگفتوگۆ بكەنەوە بۆ ئەوەی یەك كاندیدتان هەبێت.